بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی كانوونی دووهەمی 2023 كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس لە سویسڕا بۆ ساڵی 2023 دەستپێبكات، كۆڕبەندێك لەسەروبەندی توندبوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوادایە، دەڵێن، دەبێت ئەمساڵ سەركردەكانی جیهان لەبری گفتووگۆ لەسەر كێشە ئابوورییەكان، چاو لە توانەوەی بەفری داڤۆس بكەن، كە ڕەنگە بەشی خلیسكێنەشی لێ نەمێنێت.
خولی 53 هەمینی كۆڕبەندی داڤۆس بەناونیشانی “هاوكاری لە جیهانێكی پارچەپارچەدا” بە بەشداری كەسایەتییە سیاسی و بازرگانی و ئابوورییەكانی جیهان لە شاری داڤۆس بەڕێوەدەچێت.
زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ سەركردە لە ١٣٠ وڵات لە نێویاندا ٥٠ سەرۆك دەوڵەت و حكومەت بەشدار دەبن.
كۆڕبەندی داڤۆسی ئەمساڵ لە حاڵێكدایە جەنگی ئۆكراین، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كاریگەرییەكانی پەتای كۆرۆنا، زیادبوونی ململانێ ناوچەییەكان جیهانیان بەچەندین تەنگەژەوە گیرۆردە كردووە.
تادێت تەنگەژەی ئابووری، برسێتی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك، وشكەساڵی و كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاو، كەمبوونەوەی سەرچاوەكانی وزە، بێكاری، كەمبوونەوەی داهاتی تاك، كۆچ و پەنابەری، ڕووداوە سرووشتییەكان ڕوو لە زیادبوونن و ملیۆنان كەس گیرۆدە بوون.
دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا لە مەترسیدارترین تەنگەژەكانی ئێستایە كە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی و گۆی زەوی بووەتەوە.
شاری داڤۆس كە كۆڕبەندی ئابووری ساڵانەی لێ دەبەسترێت لەگەڵ كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ڕووبەڕووە.
لە كاتێكدا كە زلهێزە ئابوورییەكان لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانیدا كۆدەبنەوە، دیمەنی كەمبوونەوەی بەفری داڤۆس وایكردووە ئەوانەی كۆدەبنەوە چی دیكە چاوپۆشی لە گەرمبوونی جیهان نەكەن.
ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت، لە ماوەی هەفتەی پێش كۆبوونەوە ئاساییەكانی زستانی داڤۆس وەك میوانداری كۆڕبەندی ئابووری جیهانی، پرسیاری گەورە ئەوە نییە كە دەتوانرێت لە نێوان سەركردە بازرگانی و سیاسییەكاندا باسی چی بكرێت، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا بەفرێكی پێویست بۆ مەشقكردنی خلیسكێنەی سەر بەفر دەبێت یان نا.
وێنەكانی مانگی دەستكرد دەریدەخەن كە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەفربارین بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ لە داڤۆس كەمیكردووە. بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٩٧١ كە یەكەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی بەڕێوەچوو، بە پێی ئاژانسەكە بە تێكڕا زیاتر لە ٤٠%ی بارستەی بەفر بچووك بووەتەوە.