وتەبێژی حکومەتی عێراق وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت داهاتەکان ڕادەستی بەغدا بکات.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق وەڵامی راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ڕایگەیاند “لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکومەت بە شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە کارەکانی، بەتایبەتی لەبارەی پرسی بودجە کە بناخەیەکی سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەرنامەی حکومی، جەخت لەسەر پابەندبوونی حکومەت بەو هەموارانە دەکەینەوە کە بۆ پەرلەمان نێردراون سەبارەت بە یاسای بودجە، کە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو دەگرێت.”
باسم عەوادی رایگەیاندووە: “نوێنەری حکومەت لە پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە هیچ هەموارێکی دیکە لەسەر یاسای بودجە پێویست نییە کە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێشکێشکراون.”
وتەبێژی حکومەتی عێراق لە وەڵامی راگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەڵێت: “ناوەڕۆکی راگەیەندراوی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە و سەرسوڕمانی خۆمان دەردەبڕین بەو بانگەشەیەی کە نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە پەرلەمان رێگری لە هەموارکردنی مادەی تایبەت بە رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردووە.”
لەبارەی رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان باسم عەوادی باس لەوە دەکات: “جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مادەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دەکەینەوە، کە رادەستکردنی داهاتەکان بە حکومەتی فیدراڵ دەگرێتەوە جا چ نەوتی بن یان نانەوتی، بەپێی ئەوەی لە یاسا و بڕیاری دادگەی فیدراڵیدا هاتووە.”
وتیشی، “پابەندبوون بەم رێکارانە هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم دۆسیەیە و بەهێزکردنی هاوکاری لەنێوان هەردوولا. حکومەتی فیدراڵی هیواخوازە بە خێرایی هەموارەکە بەپێی دەقە پەسندکراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە پەرلەمان پەسند بکرێت، ئەمەش بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراق.”
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، “دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا”.
لەبارەی ئەو پێشنیازەی بۆ پەرلەمان نێردراوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیازێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لە هەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان”.