شارەوانی سلێمانی مەرج و ڕێنماییەکانی مۆڵەتی خانووی دابەش دووی ڕاگەیاند



سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئەو مەرج و ڕێنماییانەی بڵاوکردەوە کە بۆ مۆڵەتدان بە خانووی دابەش دوو پێویستن.

ئەمشەو سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی مۆڵەتدان بە خانووی دابەش دوو بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی.

بەپێی رێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (ژمارە ٥٦٦ لە ٢٠٢٤/٠٦/٠٢) رێگەدراوە بە دروستکردنی خانووی دابەش دووی نیشتەجێ بە کۆمەڵێک مەرج کە لە خوارەوە باسمانکردووە، وە هەر لە رێنماییەکەدا داوا لە شارەوانیمان کراوە کە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کە پێویستیان بەم جۆرە مۆڵەتەیە، بۆیە شارەوانیمان بەپێی فەرمانی کارگێڕیمان (٢٣٠١٢/٤ لە ٢٠٢٤/٠٨/١٣) لیژنەیەکی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنا و دواتر ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی لە (٢٠٢٥/٠١/٢٢) کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆنووسی لیژنەکە و ئەم ناوچانەی خوارەوە دیاریکرا بۆ پێدانی مۆڵەتی دابەش دووی نیشتەجێ بەو مەرجانەی کە لە رێنماییەکەی وەزارەتماندا هاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە:

1) پەسەندکردنی دروستکردنی خانووی دابەش دووی نیشتەجێبوون تەنها لەم ناوچانەدا:

أ) سنووری ناوەندی سلێمانی:
جیاکراوەکانی کەرتی (٨ آبلاخ) و (دێی آبلاخ) و (٣ بۆگەنە) و (٤ ولوبە) و (١ ملکندی و دباشان) و (گەڕەکەکانی سلێمانیی کۆن).

ب) سنووری شارەوانیی رۆژئاوا:
جیاکراوەکانی (٠/٢١٢) لە کەرتی (٨ آبلاخ).

ج) سنووری شارەوانیی رۆژهەڵات:
جیاکراوەکانی کەرتی (٢ قرکە) و (٣ هومرەکویر) و (٤ زیرینوک) و (٤ ولوبە).

د) سنووری شارەوانیی بەکرەجۆ:
جیاکراوەکانی (٠/١) کەرتی (١١ بکرەجو) بە پێوانەی (١٢*١٧,٥)م٢.

ه) سنووری شارەوانیی راپەڕین:
جیاکراوەکانی (٠/٤٩) و (٠/٢٨) کەرتی (٢٠ باوەمردە).

و) سنووری شارەوانیی تاسڵوجە:
جیاکراوەکانی (٠/٧) و (٠/٣١) و (٠/٤٣) و (٠/٣) و (٠/٢٦) کەرتی (١٥ کەندەکەوە)، جیاکراوەکانی (٠/٥) کەرتی (٤٩ چەقژ)، جیاکراوەکانی (٠/٨) کەرتی (١٦ کەڵەوانان).

2) مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی خانووی دابەش دوو:

أ) شوێنەکە نەخشەی کەرتیی پەسەندکراوی هەبێت و پارچەزەوییەکان وێنەتۆماری سەربەخۆی نوێیان هەبێت.

ب) ئەو زەوییەی کە دابەش دەکرێت رووبەرەکەی لە (٢٠٠م٢) کەمتر نەبێت و پێش (٢٠٢٤/٠٦/٠٢) تاپۆکرابێت بەناوی دوو هاوڵاتی یان زیاترەوە و هەر خانوویەک بۆ یەک خێزان بەکاربهێندرێت و هەروەها قادرمەی دەرەوەی نەبێت، بەڵام ئەگەر رووبەرەکەی (٣٠٠م٢) یان زیاتربوو ئەوا زیاد لەو مەرجانە نابێت لە دوو خانوو زیاتری لەسەر بکرێت.

ج) ئەگەر زەوییەک پێشتر کرابێت بە دوو خانوو یان زیاتر ئەوا مۆڵەتی دابەش دوویان پێ بدرێت بەمەرجێک رووبەری هەر خانوویەک لە (١٠٠م٢) کەمتر نەبێ و رووکارەکەی لە (٥) مەتر کەمتر نەبێ و شۆستە و شەقام بەکارنەهێنن.

د) پانیی شەقامی پێش زەوییەکە گونجاو بێت یان لە (١٠) مەتر کەمتر نەبێت.

هـ) نابێت رووکاری هەر خانوویەک لە (٥) مەتر کەمتر بێت و ناشبێت پاش دابەشکردن رووبەرەکەی لە (١٠٠م٢) کەمتر بێت.

و) نابێت رێژەی بینا لە (٧٠%)ی رووبەری زەوییەکە زیاتر بێت و شۆستەی دەرەوە بۆ قادرمە و رامپە بەکارنەهێندرێت.

ز) پێویستە هاوپشک لەناو سنووری خانووەکەدا رووبەری تایبەت بە شوێنی وەستاندنی ئوتۆمبێل دابین بکات و ئەو رووبەرەی تریش کە دەمێنێتەوە بکرێتە سەوزایی و لانی کەم دوو درەختی تەمەن (٢ بۆ ٣ ساڵ) تیا بچێندرێت.

ح) هاوڵاتی یەکجار سوود وەردەگرێت لە دابەشکردنی زەوییەکەی بۆ دوو بەش یان زیاتر بەشێوەی پشک و کردنی بە خانوو.

ط) پێویستە بەڵێننامە لە هاوپشک وەربگیردرێت کە خانووەکە بۆ نیشتەجێبوونی خۆی یان کەسانی پلەیەک تا پلەسێی ئەندامانی خێزانەکەی بەکاربهێنێت و هەروەها بۆ ماوەی (٥) ساڵ کڕین و فرۆشتنی پێوە نەکات و ئەمەش بە نوسراو رەوانەی فەرمانگەی تاپۆ بکرێت تاکو وەک رێگرێکی یاسایى بخرێتە سەر پشکی هاوپشکەکە.

بۆیە تکایە هیچ کەسێک پاش (٢٠٢٤/٠٦/٠٢) زەوییەکەی لە یەک پشکەوە نەکات بە دوو پشک و زیاتر بەهیوای ئەوەی دواتر مۆڵەتی دابەش دووی پێ بدرێت، چونکە هەر زەوییەک پاش ئەو رێکەوتە لە پشکێکەوە بکرێت بە دوو پشک و زیاتر ئەوا پێویستە بە هەموو پشکەکان یەک خانووی تیا دروست بکەن.

لەگەڵ رێزی
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی
٢٣ ی ١ ی ٢٠٢٥

حکومەتی عێراق: دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتەکانی ڕادەست بکات
پێت حکومەتی عێراق: دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتەکانی ڕادەست بکات
بێگەرد تاڵەبانی: هاوردەکردنی تەماتەمان قەدەغە کرد
دوات بێگەرد تاڵەبانی: هاوردەکردنی تەماتەمان قەدەغە کرد
پەیوەنیدر