وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هاوردەکردنی تەماتەیان قەدەغە کرد.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ ڕایگەیاند، ئەمرۆ پێنجشەممە بەئامادەبوونی بریکاری وەزارەتمان و بەرێوەبەری گشتی پلاندانان و ستافێکی نوسینگەمان پێشوازیمان کرد لە بەرێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و سەرۆک و ئەندامان و جوتیارانی کۆمەڵەی کشتوکاڵی زوبێر لە پارێزگای بەسرە و نوێنەری جوتیارانی دەڤەری پێنجوێن.
ڕوونیشیکردەوە کە لەو کۆبونەوەیەدا لەپێناو پاڵپشتی جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرووبوومەکانیان، بڕیارماندا بەقەدەغەکردنی هاوردەی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێم، بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کارکردن بە ڕۆژمێری هاوبەشی کشتوکاڵیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.
وتیشی: “لەم کۆبونەوەیەدا جەختمانکردووە لەسەر ڕەچاوکردنی
سوود و بەرژەوەندی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک یەک بازاڕی هاوبەش لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی کشتوکاڵی و دابینکرنی ئاسایشی خۆراک و پێویستی هاووڵاتییان و دڵنیایدان بە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان لەئاستی ناوخۆیدا.