سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای پشکی هەرێم لەو ڕێککەوتنە دەکات کە سودانی لەگەڵ کۆمپانیا بەریتانییەکان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک کردویەتی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، دانوستانەکانی نێوان بەغدا و بی پی لەسەر ڕێککەوتنێکی گەورە بۆ گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت.
بەپێی هەوالەکەی ڕۆیتەرز، ئەم وتەیەی مەسرور بارزانی ڕەنگە ئاماژەیەکبێت بۆ دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان بەغدا و هەولێر لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و گرفتی نەوت لە عێڕاق.
کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە مێژە سەرچاوەی گرژیی نێوان بەغدا و هەولێر بووە، هاوکات کەرکوکی دەوڵەمەند بە هایدرۆکاربۆن لە ناوەندی ناکۆکییەکەدایە.
کورد لە ساڵی 2017 کۆنتڕۆڵی ناوچەکەی لەدەستدا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بۆ ماوەیەکی کاتی و لەکاتی شەڕی داعش کۆنتڕۆڵی کرد.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند”ئەو ناوچەیەی بەغدا لەگەڵ بی پی باسی دەکات، ناوچەیەکی جێناکۆکە، بەپێی دەستوور، ناوچە جێناکۆکەکان بە تەنیا بە هەولێر یان بەغدا یەکلایی ناکرێنەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دژی پەرەپێدانی کێڵگەکان نین، بەڵام لەگەڵ میکانیزمەکەدا ناکۆکین، و ئەو بابەتە پێویستی بە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی هەیە.
هاوکات ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە، کورد دەتوانێت خۆی بەشداری دانوستانەکان بکات به دیدار لەگەڵ بەرپرسانی بی پی جیا لەحکومەتی عێراق.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پێدەچێت کورد پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ پاڵنانی حکومەتی عێراق و بی پی بۆ ئەوەی هاوبەشییان پێبکات لەو ڕێککەوتنانەدا.
بڕیارە عێراق و بی پی تا هەفتەی یەکەمی مانگی شوبات گرێبەستێکی چەند ملیار دۆلاری بۆ چوار کێڵگەی نەوتی کەرکوک واژۆ بکەن.
هەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، بەهای گرێبەستەکە ڕێککەوتنی بەسرەی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز لە ساڵی 2023 تێدەپەڕێت، کە بەهاکەی نزیکەی 27 ملیار دۆلار بووە.
بی پی بەشێک بوو لە بەرنامەی کۆمپانیاکانی گەڕان بەدوای نەوتدا لە کەرکوک لە ساڵانی بیستەکاندا، و مەزەندەی کرد کە ئەو ڕووبەرە هاوتای نزیکەی نۆ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ لەخۆبگرێت.