وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی هەمواری یاسای بودجە زانیاری ئاشکرا دەکات و دەڵێت” بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی لەسەر نەدرا “.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندووبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە ،هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا ، دەنگی لەسەر نەدرا .
ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە پەرلەمانی عێراقەوە، تاکلایەنە و بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ پەرلەمان نێردراوە.
روونیشیکردۆتەوە، ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان .
پێشەوا هەورامانی جەختیشدەکاتەوە، ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکات، بۆیە ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە ، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین،و دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتووین ، بخرێتە دەنگدانەوە.