نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێم ناوی مامۆستایانی گرێبەستی لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی 10ی 2024 هاوپێچکردووە بۆ بەغدا و ئەمەش یەکەمجارە ئەو کارە بکرێت.
عەلی رەئووف نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست رایگەیاند بەپێی زانیارییەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 10 ی 2024 ناوی سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ لیستی مووچەدا هاوپێچ کردووە ئەمەش یەکەمجارە ناوی مامۆستایانی گرێبەست دەنێرن بۆ حکومەتی فیدراڵی عێراق و وەزارەتی دارایی.
عەلی رەئووف مستەفا وتیشی، وەک نوێنەری دەستەی گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ دیوانی چاودێری عێراق لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی پەسەندی بکەن کە مووچەی ئێمەش لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کار لەسەر دامەزراندن و بوون بەهەمیشەیی مامۆستایانی گرێبەست بکەین.
نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست ڕاشیگەیاند، سەرجەم مامۆستایانی گرێبەست ئێستا خاوەنی بایۆمەتری UPNن کە ژمارەشیان 37 هەزار و 933 مامۆستایە، ئەمەش دەبێتە کار ئاسانی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کە ڕەزامەند بێت لەسەر ناردنی مووچەکانیان.
ئەوەشی خستەڕوو کە وەک نوێنەرانی دەستەی گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەربارەی ئەو بابەتە قسەمان کردووە و لەگەڵ چەند ئەندام پەرلەمانێکی دیکەش لە پەیوندیداین، بەردەوامیش دەبین تاوەکو گرێبەستەکانمان دەکرێت بە هەمیشەیی.