کۆمپانیای کڵاشنیکۆڤ بۆ یەکەمین جار درۆنێکی خۆکوژ بە چەندین تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە بەرهەم دەهێنێت.
کۆمپانیای کڵاشنیکۆڤی ڕووسی، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستیی سەربازی، لە بەیاننامەیەکیدا کە لە پێگەی فەرمی کۆمپانیاکەدا بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، ” لە پێشانگای IDEX2025 کە لە 17 بۆ 21ـی شوبات لە دوبەی دەکرێتەوە، پەردە لەسەر چەندین بەرهەمی نوێ لادەدرێت و بۆ یەکەمین جاریش کۆمپانیاکە درۆنی خۆکوژی جۆری KUB-2-E پشتبەست بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو بەرهەمهێناوە”.
ئاشکراشی کردووە، درۆنەکە لە جۆری خۆکوژە و لەڕێی سەکۆی تایبەت و هەلیکۆپتەریشەوە هەڵدەدرێت.
دەشڵێت: درۆنەكە سیستمی ڕاداریی هەیە و بە رۆژ و شەو و لە کەشوهەوای سەختیشدا لەتوانایدایە ئامانجەکانی بدۆزێتەوە و بیانپێکێت.
كۆمپانیا ڕووسییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، کێشی درۆنەکە 10 کیلۆگرامە و لە چرکەیەکدا 15 مەتر دەبڕێت، هەروەها دەتوانێت لە 40 پلەی ژێر سفری سەدی و 50 پلەی سەدیدا بەبێ کێشە بفڕێت.