محەمەد حاجی مەحمود: حەزدەکەم لە جێگادا نەمرم و لە پێناو گەل و نیشتمان شەهید ببم



سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حەزدەکەم لە جێگادا نەمرم و لە پێناو گەل و نیشتمانەکەمان شەهید ببم و دەشڵێت: یەكێتی و پارتی یان دەبێ ڕێکبكەون یان دەبێ بیکەن بەدوو ئیدارە.

محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بۆ میدیای حزبەكەی لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، هەر گەل و نەتەوەیەك ئازاد نەبێت مردووە، بۆیە ئایا مردوویەكی نیوەگیان باشە یان مردنێك تاكو هەتا هەتایە مێژوو باست بكات، بۆیە من لەگەڵ ئەو مردنەم، كە لەپێناوی گەل و خاك و نیشتمان گیانی خۆی بەخت بكات، بۆیە من حەز دەكەم لەسەر جێگە نەمرم، بەڵكو لەپێناو خاك و گەلی خۆما گولەیەك بمكوژێت.

ڕاشیگەیاند، كەس هێندەی سودانی دژی كورد نییە، با خەڵك وانەزانێت، كە دێت و پێدەكەنێ‌ ئەوە باشە لەگەڵ كورد، تەنانەت لە هەولێر پێموت، كە لەو كاتەی تۆ سەرۆكایەتی عێراق دەكەیت دادگا زۆرترین بڕیاری دژی هەرێم داوە و سودانی هاتووە بە یاسا و بە هێمنی كاردەكات تەنانەت نەوتی هەرێمی لە پاریسەوە ڕاگرت و سەرچاوەی داهات و قوتی خەڵكی كوردستانی ڕاگرت و پەرلەمان و كۆمسیۆنی كوردستانیان هەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئایا ئەوە حاڵە ماوەی دوو ساڵە بە بەردەوامی بودجە و مووچەی هەرێم بووە بە مانشێت و هەواڵی میدیاكان، لە كاتێكدا بودجە و مووچە بابەتێكی سیاسیە و بە دەستی سودانیە، بەڵام ڕاگەیاندن وایان لێكرد، كە بە دەست ئەو ژنەیە “تەیف سامی” كە ڕەنگە دراوسێكی خۆشی نەیناسیبێت، كە ئێستا هەموو دونیا دەیناسێت.

دەشڵێت: ئەو هەموو چوونە بۆ بەغدا بۆ بودجە و مووچە شەرمەزارییە، ئەمە دانووستان نییە، ئەمە تەسلیم بوونە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر میللەتێك سەربەخۆ نەبێت مردنی باشترە لە مانی، ئێستا هەموو شتێك تەسلیمی بەغدا كراوە و هەموو ڕۆژێك بەڕێگەی بەغداوەن و كراوە بە ڕێگەی كانی، بۆ ئێستا ئێمە زەلیلی دەستی تر بین؟ بۆیە ئێستا كوڕ هەیە باوكی خۆی قبوڵ نیە و لە ماڵ دەریدەكات، ئێمە بۆ میلەتێكی تر قبوڵ بكەین؟ كەواتە بۆ نەمرین لەپێناوی میللەتەكەی خۆمان؟

محەمەد حاجی مەحمود وتیشی، “دەبێت یەكێتی و پارتی ڕێكبكەون و حكومەت دروست بكەن یان دەبێت بیكەن بە دوو ئیدارە، كە بڕواناكەم بیكەن بە دوو ئیدارە، چونكە هیچیان سوودی لێ‌ نابینن و شەریكن لە هەموو شتێكدا”.

جەختیشی كردەوە، دوای هەموو هەڵبژاردنێك ئەبێت چاوەرێی یەكێتی و پارتی بكەین بزانین چۆن پۆستەكان دابەش دەكەن، لە 1992ەوە هەڵبژاردن دەكەین هەر هیلاكی بووە و سوودی نەبووە، چونكە هەر دەبێت چاوەڕێی ئەوان بكەین تا پۆستەكان بەش دەكەن و هەر پرستەكان لای ئەوان دەبن و تەنها هەندێك دەموچاو دەگۆڕێن.

 

باشترین خواردنی وزەبەخش بۆ توانای سەرجێیی پیاوان
پێت باشترین خواردنی وزەبەخش بۆ توانای سەرجێیی پیاوان
یەکێتی مامۆستایان داوای دامەزراندن دەکەن
دوات یەکێتی مامۆستایان داوای دامەزراندن دەکەن
پەیوەنیدر