یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای نوێی خانەنشینی داوای دامەزراندن و گواستنەوەی مامۆستایان دەکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی میلاک.
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی هەولیت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، بڕیاری خانەنشینکردنی سێ تەمەنی مامۆستایان بۆ ئەمساڵ گرفتی گەورە لە سێکتەری پەروەردەدا دروستدەکات، و داواکارین چەند هەنگاوێک بنرێت لەلایەن حکومەتەوە بۆ چارەسەر کردنی ئەو دۆزە.
ئاماژەیان بەوەشدا، بەپێی ئەم بڕیارە کەمی میلاکمان لە سەرجەم پەروەردەکان دەبێت، هاوکات چەند داوایەکیان لە حکومەت کرد کە ئەمانەن:
یەکێتی مامۆستایان لقی هەولێر، داوا دەکات بریاری نوێی خانەنشینی کە لە 15ـی کانوونی دووەمی 2024 ڕاگەیەندرا، بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 کاری پی نەکرێت، یان هەر هیچ نەبێت لە 1/6/2025 یان 31/6 بچێتە بواری جێبەجیکردنەوە.
هاوکات داوایانکرد، حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی بدات بە گواستنەوەی ڕاژە لە گشتییەکانەوە بۆ قەزا و پەروەردەکان، چونکە بەو بڕیارە ڕێژەیەکی زۆری میلاکاتی ناوسار تووشی کەمی دەبێت و هەندێکیشیان بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانن.
هاوکات داوا دەکەن دەرگای دامەزراندن بۆ سێکتەری پەروەردە بکرێتەوە بۆ پرکردنەوەی کەمی میلاکات لە پەروەردەدا، و پلە بەرزکردنەوە بۆ ئەو مامۆستایانە بکرێتەوە کە بڕیاری خانەنشینبوون دەیانگرێتەوە، بۆئەوەی بەو شایستەیەی خۆیان کە ماوەی 10 ساڵە ڕاگیراوە خانەنشین ببن، بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە سەرجەم شایستەکانیان.
هاوکات یەکێتی مامۆستایان لقی هەولێر، داوا دەکات حکومەتی هەرێم بەهەمان یاسای خانەنشینی عێراق مامۆستایان خانەنشین ببن، بەسەرجەم ماف و دەرماڵەکانیانەوە، و پێدانی شایستەی 12 مانگی تەواو بۆ خانەنشینبوونیان.