لە گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر ( 6 ) شوێنی فرۆشتنی گۆشت بە هۆی نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی، سەلامەتی، پاک و خاوێنی داخران.
ئەمڕۆ چوار شەممە 2025/1/22، لیژنەی پشکنین و چاودێریکردنی بازاڕ بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی قایمقامیەتی قەزایی ناوەندیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاودێریكردنی بازار و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو و بێ کوالێتی، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر ( 18 ) شوێنیان بەسەرکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، دوای پشکنینی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە نرخ و كوالێتی خۆراك و کەل و پەل و پێداویستیەکانی هاووڵاتییان، لە کۆی ئەو ( 18 ) شوێنانە، ( 6 ) شوێنی فڕۆشتنی گۆشت بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان و نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی، سەلامەتی، پاک و خاوێنی داخران.
ڕاشیگەیاند، ئەو شوێنانەشی کە مۆڵەتی کارکردنیان بەسەرچوو بوو یان کەم و کوڕیی تریان هەبوو، هۆشداریان پێدرا لە زووترین کاتدا سەردانی قائیمقامیەتی ناوەندیی و لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان و نەهێڵانی کەم و کوڕییەکانیان.