لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی بەدواداچوون بۆ ڕەوشی کرێکار لەشوێنی کار دەکات و هەر کارگەیەک گرنگی بە لایەنی سەلامەتی و تەندروستیان نەدات دادەخرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەبریە عەزیز، سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی کرێکار لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنەکەیان پێکهاتووە لە نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و ڕۆژانە چاودێری ڕەوشی کرێکار دەکات لە هەموو ئەو شوێنانەی کاری تێدا دەکرێت. بەتایبەت لێپێچینەوە لەلایەنی سەلامەتی و تەندروستی دەکات، پێویستە لە کارگەو شوێنکارەکاندا هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی سەلامەتی کرێکار بگیرێتەبەر و ڕەچاوی لایەنی تەندروستیش بکرێت.
وتیشی: لە شوێنی مانەوە و پشوودان و نانخواردنی کرێکاراندا ڕێگە نادرێت کەمتەرخەمی بکرێت و ڕەچاوی ڕێنماییەکان نەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی سەلامەتی کرێکار ڕاشیگەیاند هەر کرێکارێک گلەیی لە شوێنی مانەوەو نانخواردنی هەبوو، یان ماوەی زیاتر کاری پێکرا، یان دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆنەکرا، دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەکانەوە بکات و بەدواداچوون بۆ سکاڵاکەی دەکرێت.
سەبریە عەزیز، باسی لەوەش کرد هەر کۆمپانیا، یان کەرگەو شوێنکارێک مافە یاساییەکانی کرێکاران پێشێل بکات سزا دەدرێت، بە سزای ماددی قورس، یان داخستنی شوێنەکە.