سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، تاوەکو مانگ و نیوێکی تر حکومەتی نوێی هەرێم پێکدێت و دەشڵێت: كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا ئەوەیە، كە عێراق ڕازی نییە كورد هاوبەشی بێت.
محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، زیادبوونی گرفتەكانی نێوان هەرێم و عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە حكومەتی عێراق ڕازی نییە كورد هاوبەشی بێت، بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێم بیر لە یەكگرتوویی ناوخۆ بكاتەوە.
ڕاشیگەیاند، لەم کاتەدا حکومەتی عێراق زەعیفە و کورد بەهێزە، چونكە كورد لە ئێستادا لە تورکیا و سوریا و لە هەرێمی كوردستان بەهێزە، بۆیە پێویستە كورد داوای مافی خۆی بكات.
سەبارەت بە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم وتی، “تاوەکو مانگ و نیوێکی تر حکومەتی نوێی هەرێم پێکدێت”.