سەرۆکی یدارەی نوێی سووریا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، ترەمپ ئەو سەرکردەیەیە کە ئاشتی و سەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا کرد و تێیدا هاتووە: “بە ناوی سەرکردایەتی و گەلی سووریاوە پیرۆزبایی لە بەڕێز دۆناڵد ترەمپ دەکەم بەبۆنەی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا”.
شەرع دەڵێت: “هەڵبژاردنی ترەمپ گەواهیدەرەی ئەو متمانەیەیە کە گەلی ئەمەریکا لە سەرکدایەتیکردندا پێیانبەخشیوە”.
ڕاشیگەیاندووە کە دەیەی ڕابردوو ناسۆری گەورەی بۆ سوریا هێنا، لەگەڵ ململانێیەک کە نیشتمانەکەمانی وێران و ناوچەکەی ناسەقامگیر کرد. ئێمە دڵنیاین کە (ترەمپ) ئەو سەرکردەیەیە کە ئاشتی و سەقانگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێتەوە”.
ئەحمەد شەرع لە پەیامەکەیدا دەڵێت “ئێمە چاومان لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکەمانە لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، باوەڕمان هەیە کە ئەم ئیدارەیە ڕێگە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و سوریا دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی هاوبەشییەک کە ڕەنگدانەوەی خواستەکانی هەردوو گەل بێت”.
ئەم پەیامە دوای ئەوە هات کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا دەستبەکاربوو.