بە وتەی ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هاوتاکردنی خانەنشینی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق بەردەوامە و بڕیارە خانەنشینی سەربازی و خانەنشینانی پێش ساڵی 2014ش بگرێتەوە.
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە “تۆڕی میدیایی خەڵك”ی ڕاگەیاند: لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوەکراوە کە هاوتاکردنی خانەنشینی تەواوی توێژەکان بگرێتەوە و ئەو سێ تەمەنەش کە بڕیارە خانەنشین بکرێن لە بری مووچەی شەش مانگ، هاوشێوەی خانەنشینانی عێراق مووچەی 12 مانگ وەربگرن.
ئەوەشی ڕاگەیاند: گفتوگۆکراوە لەسەر ئەوەی لەمساڵدا خانەنشینی سەربازیش هاوتاکردنیان بۆ بکرێت و وەک خانەنشینی مەدەنی مووچەکانیان زیاد بکات.
باسی لەوەشکرد: شاندەکەی هەرێم لە بارەی مووچەی مانگی 12 و مووچەی مانگی یەک گفتوگۆیان کردووە، بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەرێم بکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە بکەن کە ساڵی ڕابردوو نێردراون بۆ هەرێم تا بدرێتە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.
باسی لەوەشکرد: “شاندەکەی هەرێم بە دارایی عێراقییان وتووە ئێمە ئامادەین سەدا 50ی داهاتی ناوخۆتان ڕادەست بکەین، ئێوەش بەشە بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا و لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق خەرج بکەن”.