یەکگرتووەی ئیسلامی دووپاتیدەکاتەوە کە بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناکات و پێیوایە حکومەت لە ئاست وەڵامدانەوەی هاووڵاتییاندا نییە
عوسمان کاروانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: “لە یەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییدا لە دوای کۆنگرە، دووپاتمان کردووەتەوە کە لەم قۆناغەدا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە و بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەت ناکەین”.
وتیشی: “تا ئەم چرکە ساتە ئەمە بڕیاری یەکگرتووە و وەک ئۆپۆزسیۆن درێژە بە کارەکانی خۆمان دەدەین”.
عوسمان کاروانی ڕاشیگەیاند، “هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە جیا سەردانیان کردووین و داوایانکردووە کە بەشداری لە حکومەتی نوێدا بکەین، بەڵام ئێمە دووپاتمان کردووەتەوە کە بەشدارنابین چونکە تێبینیمان لەسەر ئەدای کارەکانی حکومەت هەیە و پێمانوایە لە ئاست وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان نیە”.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان خاوەنی حەوت کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان.