ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا متمانەی بە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا بەخشی کە بە هەڵوێستەکانی بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەناسرێتەوە.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا مارکۆ روبیۆی وەک وەزیری نوێی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەسەند کرد و بەوەش بووە یەکەم وەزیری ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ کە متمانەی ئەنجومەنی پیران بەدەستبهێنیت.
سیناتۆر جین شاهین، ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو حاڵەتی نادڵنیاییەی ئێستا جیهانی گرتووەتەوە، لە بەرژەوەندی ئەمریکایە کە دەستبەجێ پۆستی وەزارەتی دەرەوە پڕبکاتەوە.
شاهین ڕاشیگەیاند، لە کاتێکدا کە ئێمە هەمیشە (لەگەڵ کۆمارییەکاندا) ڕێکناکەوین، بەڵام پێموایە روبیۆ توانا و زانیاری و شیاوی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری دەرەوە.
ڕوبیۆ یەکەم ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئیسپانییە کە پۆستی وەزیری دەرەوە وەربگرێت و بە کۆی 99 دەنگ متمانەی ئەنجومەنی پیرانی بەدەستهێنا.
پێشتر مارکۆ روبیۆ ڕایگەیاندبوو ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبێت و جەختیشیکردبووەوە کە نابێت ڕێ بدرێت تورکیا ماوەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئەمریکا بقۆزێتەوە بۆ پەلهاویشتنی زیاتر بەرەوە سووریا.