ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بڕیارە دەنگ لەسەر یاسای هەمواری بودجە بدرێت کە گرنگترینی پڕۆژەکانە و تیایدا بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەدرێت.
سروە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند: دانیشتنەکەی ئەمڕۆ کاتژمێر 1:00ی دوای نیوەڕۆ دەستپێدەکات و ئەگەر دواشبکەوێت دەگاتە کاتژمێر 2:00ی دوانیوەڕۆ.
وتیشی: لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە دەدرێت، کە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی دووەمدا دەنگ بە هەمواری یاسای باری کەسێتی دەدرێت کە تایبەتە بە شیعەکان، لە بڕگەی سێیەمدا دەنگ بە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان کە بەهۆی هەندێک بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش زەرەرمەندبوون دەدرێت ئەمەش تایبەتە بە کورد، بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتیی کە ئەمەیان تایبەتە بە سوننەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەپێی بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چەند رۆژی داهاتووەوە هەر ئەندامێک ئامادەی دانیشتنەکان نەبێت، بڕی یەک ملیۆن دینار غەرامە دەکرێت.