سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کەرتی تایبەت دەکات کاریگەریی زیاتریان لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت و ڕاشیگەیاند نابێت چاومان لەوەبێت كە تەنیا مووچە ببێتە سەرچاوەی داهات خەڵکی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، (ماڵی كوردستان)ی كردەوە.
مەسرور بارزانی لە وتەیەکیدا باسی لە هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغداوە كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جددی لە بەغدا دەکرێ بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت.
هاوكات جەختیشی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان كردەوە. لەم چوارچێوەیەشدا سوپاسی هەریەك لە سەرۆك كۆماری عێراق و وەزیرە کوردەکان و ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد، لە بەرامبەر ئەوەی كە هەموویان هاوکار و پشتیوان بوون لەوەی بتوانن گفتوگۆی باش ئەنجام بدەن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە چاوەڕێی ئەوەین گفتوگۆکان بکرێن بە کردار، چیتر بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەبێتە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا.
وتیشی: “ئومێدەوارم ئەمساڵ ساڵێکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان. بوونی ئێوە لێرە، دەکرێ زۆر کاریگەر بێت لەوەی ئێمە چیتر تەنیا چاومان لەوە نەبێت كە مووچە ببێتە تەنیا سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکوو بەهۆی بوونی ئێوە و کەرتی تایبەت کە بەشێکی سەرەکیی سیاسەت و ئەجێندای حکوومەتی ڕابردوو و هیوادارم هی داهاتووش بێت، کەرتی تایبەت كە ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی بگێڕێت لە پێشخستنی ئابووری و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق. هیوادارین هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی هەموو عێراق بووژانەوەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت، هیوادارم لەو کۆڕبەندە بتوانن پەیوەندیی باش لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دروست بکەن، وا بکەن وەبەرهێنانی زیاتر لە کوردستان بکەن”.
لە بەشێکی دیکەی قتەکانیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیشكی خستە سەر پرۆسەی دەستبەكاربوونی سەرۆكی تازەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ ئەمریکا وەسف كرد، بەهۆی سوێندخواردنی سەرۆک ترەمپ و بە فەرميی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆکی ئەمریکا. بەم بۆنەیەشەوە بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ كرد و هیوای خواست بتوانین پەیوەندییە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریکا پەرەپێبدەین و وەکوو هاوپەیمانێک بەردەوام بین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە پەرەپێبدەین و بیپارێزین. لە هەمان كاتدا هیوای ئەوەشی خواست كە ئەمریکا زیاتر یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدات، بە تایبەتیش لە ڕووی پاراستنی هەرێمەكەمان و پێشخستنی ئابوورییەكەی.
سەرۆكی حكومەت لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، باسی لە گۆڕانكارییە خێراكانی ناوچەكە کرد و نموونەی بە گۆڕانكارییەكانی سووریا هێنایەوە و وتی: ئەمە وایكردووە خەڵكی ئێمە چاوەڕێ بێت بزانێت ئەو گۆڕانکارییە بەرەو کوێ دەچێت، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان تێوە نەگلێین، بەڵام ئەگەر بتوانین ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینین لە باشترکردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە، درێخی ناکەین و هەر لەم ڕوانگەیەوە چەندین دیدار و سەردانمان کردووە بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق، تاوەكوو ئێمە بتوانین ڕۆڵێكی ئەرێنی بگێڕین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بمێنێت و خوانەخواستە کێشە و گرفتەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئێمە نەکات.
سەرۆکی حکومەت وتیشی پێویستە كوردستان بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە باشانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، لەمبارەیەوە گوتی: هیچ شتێك لەوە باشتر نییە کە ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ و یەکڕیز بین، هەوڵی جددیش هەیە لەنێو کوردستان کە ئێمە بیر و بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە.