وەزارەتی دارایی ئەنجامی سەردانەکەی ئاوات شێخ جەنابی بۆ بەغدا ڕاگەیاند



وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ جەخت لەچارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە و هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە بەسەرپەرشتی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی ئابووری کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و شاندی حکومەتی فیدراڵ کە پێکهاتبوون لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق بەڕێوەچوو.

ڕوونیشیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا “لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کراو و هەردوولا هاوڕابوون کە هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا”.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە داواکاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کەساڵی ڕابردوو نەنێردراوە بەداتا و بەڵگەی فەرمی خرایەڕوو گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

ڕاشیگەیاند کە هەردوولا ڕێكکەوتن کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجام بدرێت کەتیایدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت.

هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم پێکبهێنرێت و لەسبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەستبەکار بن و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی ٢٠٢٥.

هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.

هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناغە کردەوە تا بەهاوبەشی داکۆکی لەماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق بکرێت.

 

وەزارەتی دارایی ئەنجامی سەردانەکەی ئاوات شێخ جەنابی بۆ بەغدا ڕاگەیاند
پت وەزارەتی دارایی ئەنجامی سەردانەکەی ئاوات شێخ جەنابی بۆ بەغدا ڕاگەیاند
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ترەمپ کرد
دوات نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ترەمپ کرد
پەیوەنیدر