شاندی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گەڕایەوە و پەرلەمانتارێكی كوردی بەشدار لە كۆبوونەوەی شاندی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان دەڵێت: دارایی عێراق ڕازی بووە بە خانەنشین كردنی 3 تەمەن و پێدانی 12 مووچەی پاداشتی خانەشنینی و دەشڵێت: هەفتەی داهاتوو بڕیار لەسەر مووچەی مانگی 12 دەدرێت.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، گفتوگۆکان لەسەر دوو تەوەری سەرەکی بوون: “یەکەم: مووچەی مانگی 12. دووەم: تەواوی مووچە و شایستەکانی ساڵی (2025) هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی ڕادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.”
وتیشی، “مووچەی مانگی 12 هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و دەکەوێتە سەر ئەنجامی سەردانی هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئەوکات بڕیاری لەبارەوە دەدرێت و یەکلادەبێتەوە”.
ئاشكراشی كرد، شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە کە مانگانە 50%ی داهاتی نانەوتی (گومرگ و باج) کە نزیکەی 80 ملیار دینارە، رادەست بکەن. لە بەرامبەردا، بەغدا مووچەی تەواوی 12 مانگ بۆ هەرێمی کوردستان دابین و بنێرێت، کە نزیکەی 12 تریلیۆن دینارە.
سۆران عومەر دەڵێت: “سبەی هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی پەرلەماندایە. شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە، ئەگەر هەموارەکە پەسندکرا، هەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوتەکەش ڕادەست بکات، بەڵام دەبێت تەواوی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.”
ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خانەنشینی هەرسێ تەمەنەکە کە بەم دواییانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەبارەوە داوە، بەو مەرجەی بڕیارەکە لە 01-01-2025 بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و “دەبێت 12 مووچەیان وەک پاداشت بۆ دابین بکرێت، نەک 6 مووچە کە هەرێمی کوردستان دەیدات” و یاسای خانەنشینی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و لەنێو یاسای بودجە و خشتەکانیدا جێگەی بکرێتەوە و پارەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت.
وەك سۆران عومەر دەڵێت: شاندی دارایی عێراق هاتۆتە هەولێر و سبەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن بۆ “ئامادەکردنی تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لە شایستەکان، مووچە، جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی، سێ یەکەمەکان و داواکارییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت.”
سۆران عومەر باس لەوە دەکات، “بڕیارە شاندی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەک شەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکاتەوە. هەموو ئەو پێویستی و بڕیارانەی کە شاندی هاوبەش ئامادەی دەکەن، بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران بەرزی بکەنەوە، بۆ ئەوەی پەسندبکرێن و لەنێو خشتەکانی بودجە جێگەیان بکرێتەوە.”