سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆن و دەستەی بەڕێوەبەری کۆبۆوە و داوایکرد ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن کە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبۆوە و پیرۆزبایی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی دوای پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، سودانی باسی ئامادەکارییەکانی لەگەڵ کۆمسیۆن کرد، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا لە عێراق بەڕێوەبچێت، هەروەها پێداچوونەوە بە ئەگەری پەسەندکردنی کارتی نیشتمانی وەک بەڵگەنامەیەک لەلایەن هاوڵاتیەوە بۆ دەنگدان.
هاوکات سودانی وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بە دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ کۆمسیۆن بۆ ئامادەکاری و دابینکردنی سەرجەم پێویستییەکانیان، هاوکات کۆمسیۆنی ڕاسپارد سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بکەن و پشتگیری تەواوی حکومەتی بۆ دووپاتکردنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و سەرکەوتوو لەوادەی خۆیدا.