کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و دوای بەفربارین، شەختە دروست دەبێت، لە شەویشەوە کاریگەریی شەپۆلەکە نامێنێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانیشدا بەفر دەبارێت، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات ڕێژەکەی زیاتر دەبێ.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە شاری سلێمانی بۆ ماوەیەکی کورت تێکەڵەى بەفر و باران دەبارێت.
ڕوونیشیکردەوە کە لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری ئەم شەپۆلە کەم دەبێتەوە و لە درەنگانی شەودا کاریگەری کۆتایى دێت و ئاسمان بەرەو ساماڵ دەگۆڕێت.
کەشناسی ڕاشیگەیاند پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوە بە جۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان تا 10 پلە دادەبەزێت.
سەبارەت بە سبەینێ سێشەممەش، کەشناسی ڕایگەیاند ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت لەگەڵ دروست بوونی شەختە زیاتر لەناوچە بەرزەکان و بەیانیەکەشی ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە.
پلەی گەرماش بەراورد لەگەڵ تۆمارەکانی ئەمڕۆ 4-6 پلە بەرزدەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 12 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 9 پلەى سیلیزى
دهۆک : 10 پلەى سیلیزى
کەرکووک : 14 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 11 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 10 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: -3 پلەى سیلیزى
سۆران: 7 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 12 پلەى سیلیزى