وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند دیالۆگی ناوخۆیی کورد دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیی سووریادا بگێڕێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیامێکی دەربارەی دیدارەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوکردەوە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە پیرمام بەڕێوەچوو.
پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەم شێوەیەیە: “ئەمریکا پێشوازی لە کۆبوونەوەکەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات. دیالۆگی نێو کورد دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێ لە پتەوکردنی گواستنەوەی سیاسی گشتگیر لە سووریا”.
ڕۆژی 16ی ئەم مانگە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند لە دیدارەکەی سەرۆکی پارتی و فەرماندەی گشتی هەسەدەدا “بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا”.
ئەوەشی خستەڕوو کە “جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە”.