شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلێكی باران بارین و بەفر ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و دەشڵێت: بەهۆێ بەفربارینەوە پلەکانی گەرمی بەڕادەیەکی زۆر دادەبەزن.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی دوو شەممەوە تاوەکو شەوی دوو شەممە لەسەر سێ شەممە هەندێک کات و ناوبەناو ئەگەری بەفربارین هەیە له زۆربەی ناوچه شاخاوییەکان، بۆ ماوەیەکی کورتخایەن و هەندێک کات ئەگەر هەیە بەفربارین سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو قەرەداغ و تەواوی ناوچە شاخاوی و بەرزاییەکانی باکووری گەرمیان بگرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە بەرزاییەکانی ناحیەی شێخ تەوێڵ و بناری بەمۆ و بناری شاخی زەردە و سەگرمە تاوەکو ناحییەی سەنگاو و چەمچەماڵ و بەرزاییەکانی بانی مەقان ئەگەری بڕێکی کەم بەفر هەیە، لەناوچەکانی تری گەرمیان ئەگەری دڵۆپە بارانی کەم هەیە یان تەنها نیمچەهەور سارد دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆێ بەفربارینەوە پلەکانی گەرمی بەڕادەیەکی زۆر دادەبەزن و لەکاتەکانی شەودا لەو ناوچانە چەند پلەیەک دەچنە ژێر سفری سەدییەوە، ئەمەش دیسان هۆکارێکی خراپە بۆ درێژەدان بە وشکی کەش لەناوچەکە بەهۆی جێگیربوونەوەی پەستانی بەرز لەناوچەکە.