فەرماندەیەكی هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، خواستمان بنیاتنانی سووریایەكی یەكگرتووە بە دەستی سوورییەكان و دەشڵێت: ئەوەی بیر لە هێرشكردنە سەرمان بكاتەوە دەبێت چاوەڕێی سزاكەی بێت.
ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی هەسەدە ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا هێزەكانی سووریای دیموكرات هێزێكی سەربازی دیارە لە گۆڕەپانی هەرێمایەتی.
ڕاشیگەیاندووە، ئەوەی بیر لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات بكاتەوە دەبێت ئامادەبێت بۆ سزاكەی و ئەوەی لێمان نزیك ببێتەوە دەیسووتێنین.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە لاواز نین، بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان بە ڕوونی هەست بەوە بكەن.
ئیدلیبی دەشڵێت: خواستمان بنیاتنانی سووریایەكی یەكگرتووە بە دەستی سوورییەكان و كۆتایی هێنان بە شەڕ لەپێناو ژیانێكی دڵنیا و ئاشتییانە.
لەدوای ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە، لەلایەن هێزەكانی تەحریر شام “هەتەشە” بەشێك لە گرووپە چەكدارەكانی ناو سووریا، كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێت لە چەندین ناوچە هێرشیان كردۆتە سەر هەسەدە و ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان “ئیدارەی خۆسەر” بەڵام سەرجەم هێرشەكان تێكشكێنراون و بە سەدان چەكدار كوژراون.