لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە بڕگەی هەناردەی نەوتی هەرێمی پەسەند كرد.
لیژنەی دارایی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پەسەندکرد و چاوەڕوان دەکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیش دەنگی لەسەر بدرێت.
ئەو یاسایە یەکێک لە برگەکەکانی تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بە 16 دۆلار دیاریکراوە و دەدرێت بە هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی نەوتەکە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی هەموارەکە بڕی ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێم بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر (کە لەماوەی ٦٠ رۆژ دەستنیشان دەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا) خەملاندنێکی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم.
ڕوونیشی كردەوە، بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی هەرێم دەبێت رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.