پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا بەرەو پێش دەچێت و تەنها لە ڕێی کەرتی حکومییەوە مامەڵە بە 10 ترلۆین دینار کراوە، پێشبینیش دەکرێت تا سەرەتای ساڵی داهاتوو زیاتر بکات.
لە کاتێکدا تیمی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی دەکات بۆ دەرکردنی کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ خوێندکاران، دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی “سیستمێکی ژمێریاری یەکگرتوو”ی خستووەتەگەڕ کە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و لە 140 وڵاتدا کارپێکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، خالید جابری، نوێنەری ئەو لیژنە حکومییەی کە ئەرکی پەرەپێدان و چاودێریکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنییە بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، هەنگاوەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی بەدروستیی بەڕێوەدەچن و تەنها لە کەرتی حکومیدا مامەڵە بە 10 ترلیۆن دینارەوە کراوە.
جابری پێشبینیشی کرد لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا مامەڵەکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە ڕێژەی 30٪-40٪ زیادبکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە کار لەسەر چارەسەکردنی ئەو گرفتانە دەکەن کە لە کاتی پارەدانی ئاو و کارەبا بەشێوەی ئەلیکترۆنی دروست دەبێت.
لایخۆشیەوە عەدنان عەرەبی، جێگری سەرۆکی تیمی پەیوەندیی حکومیی ڕایگەیاند، لە پێناو گشتگیرکردنی پاردانی ئەلیکترۆنیدا مامەڵە لەگەڵ 35 کۆمپانیادا دەکەن و ئەمساڵیش دوا مۆڵەتە بۆ پابەندکردنی سەرجەم دەرمانخانەکان بە دانانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی و کاریش بۆ ئەوە دەکەن کە هەموو خوێندکارێکی تەمەن 13-17 ساڵ ببێتە خاوەنی کارتی ئەلیکترۆنی.