پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پرسی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان بە یاسا لە دەسەڵاتی پارێزگاكان نییە و دەشڵێت: داواكارین ئەو پرسە بە یاسا چارەسەر بكرێت تاوەكو جارێكی دیكە نەبێتە هۆی شڵەژانی كۆمەڵایەتی.
د. هەزاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئارامی بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی ئێمەس سەرۆكایەتی دەكەین، لە 10 ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت 7 ساڵی پارێزگای سلێمانی ناوی لیژنەی باڵای ئارامی سلێمانییە و نە لە هێنانی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان، نە لە ڕێگە پێدان بە داخڵ بوونیان، نە لە گرتنیان و نە لە ڕێگەپێدانیان بەشێك نین لەو بڕیارانە.
ڕاشیگەیاند، ئەم بابەتە بە یاسا لە دەسەڵاتی پارێزگاكان نییە، بەڵكو پەیوەستن بە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و بازرگانی.
وتیشی، “ئومێد دەكەین پرسی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان بە ڕێنمایی چارەسەر بكرێت بەشێوەیەك، كە ئەو هاووڵاتییە ئاساییانەی تاوانبار نیین لەو بارودۆخە، كە ئەوان نەیانهێناوە و مامەڵەیان پێ نەكردووە و لە سنوورەكانەوە داخڵیان نەكردووە مامەڵەیان جیابكرێتەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی لەناو پڕۆسەكەدا بوون”.
ئاماژەی بەوەشكرد، داواكارین ئەو پرسە بە یاسا چارەسەر بكرێت تاوەكو جارێكی دیكە نەبێتە هۆی شڵەژانی كۆمەڵایەتی.