ملیاردێر و دامەزرێنەری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بیڵ گەیتس، نیگەرانە لەوەی منداڵان و گەنجانی ئەمڕۆ گرنگییەکی لە ڕادەبەدەر بە مۆبایلە زیرەکەکان دەدەن و دەڵێت: “دوژمنی سەرەکی سەرکەوتنی گەنجانە”.
بیڵ گەیتس، خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت وتی، “ڕەنگە گەنجانی ئەم سەدەیە سوودێکی سەرەکی ئەو تەمەنەیان لەدەست بدەن، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان گەنجانی سەردەمی پێش خۆیان هەیانبووە”.
ئەو ملیاردێرە بەشێک لە سەرکەوتنەکانی لە ژیانی پیشەییدا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کاتە پشووەکانی وەک گەنجێک بۆ گەڕان بەدوای جیهانی دەوروبەریدا، کتێب خوێندنەوە و بە قووڵی بیرکردنەوە بەسەربردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، “گەنجانی ئێستا دوورن لەم سەرکەوتن و چێژانە”.
بەپێی توێژینەوەیەکی سەنتەری توێژینەوەی پیو لە ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی ٩٥٪ـی گەنجان و هەرزەکاران لە ئەمریکا بە بەردەوامی دەستیان بە مۆبایلە زیرەکەکان دەگات، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١١دا رێژەکە تەنها ٢٣٪ بوو.
بەپێی توێژینەوەکانیش، ئەنجامە ترسناکەکەی ئەمەش ئەوەیە منداڵان و گەنجان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ژوورەوە بەسەر دەبەن و بەناو ئەپەکاندا دەڕۆن و کاتژمێرێکی زۆر لەسەر ئەم ئەپانە دەمێننەوە، ئەمەش کاتێکی زۆر کەمتریان بۆ دەهێڵێتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکی وەرزشی، جەستەیی و کارلێکی کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی ماڵەوە.