بەرهەمهێنانی كارەبا زیادی كرد بەڵام هێشتا هاووڵاتیان بەدەست بێ‌ كارەباییەوە دەناڵێنن



وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتە نزیکەی 3900 مێگاوات، بەڵام خواستی هاووڵاتیان 7000 مێگاواتە، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە بڕیار بوو تا كۆتایی ساڵی ڕابردوو پێدانی كارەبا بگاتە 20 كاتژمێر.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەکاندا توانای بەرهەمهێنان نزیک بۆتەوە لە ۳۹۰۰ مێگاوات کارەبا لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ هاوبەشان ۷۰۰۰ مێگاواتە.

ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە لە ڕێگای پڕۆژەکانی سێکتەری کارەبا بەرەو پێش ببات و بەرهەمهێنان زیاد بکات .

بەردەوام وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی كارەبا زیادی كردووە و تا ئێستاش چەندین وێستگەی نوێ‌ خراونەتە كار و بڕیاریش بوو لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا وێستگەی بازیان بە توانای 500 مێگاواتی دیكە بكەوێتە كار، كە ئێستا بەشێكی كەوتۆتە كار و “پێدانی كارەبا ببێتە سەرووی 20 كاتژمێر”، بەڵام هێشتا لە هەرێمی كوردستان كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان نییە و بگرە لە هاوین و زستاندا زۆرجار بۆ خوار 10 كاتژمێریش دادەبەزێت.

لە ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایگەیاند، بە تەواو بوونی چەند پڕۆژەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كۆتایی ساڵدا كارەبا دەگاتە زیاتر لە 20 كاتژمێر، بەڵام نەك كارەبا زیادی نەكرد، بگرە پێدانیشی كەمی كرد و لە مانگی ڕابردوودا تەنها لە سلێمانی 8 بۆ 10 كاتژمێر ڕۆژانە كارەبا هەبووە و بەهۆی زۆری كارەبای مۆلیدەوە هەر ئەمپێرێك بڕی 16 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەرگیراوە.

هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێم بەرهەمهێنانی كارەبای زیاتری هەیە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی حكومەت “بەشێكی ئەو كارەبایە بە عێراق دەفرۆشرێت” لەكاتێكدا هاووڵاتیانی هەرێم بەدەست قەیرانی نەبوونی كارەباوە دەناڵێن.

تۆمەتبارێك لە سلێمانی دەستگیركرا
پێت تۆمەتبارێك لە سلێمانی دەستگیركرا
بڕیاری پێدانی بەرمیلی دووەمی نەوت بە پێنجوێن درا
دوات بڕیاری پێدانی بەرمیلی دووەمی نەوت بە پێنجوێن درا
پەیوەنیدر