بەکام داتایانە شایەتومان بهێنین؟!



*سەرکۆ یونس

ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و به‌غدا، به‌بڵاوكراوه‌كانیان یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن له‌باره‌ی شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێم له‌ به‌غدا و پابه‌ندی و مه‌رجه‌كانی به‌غدا له‌ هه‌رێم.

مووچه‌خۆرانی هه‌رێم به‌هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه‌ له‌ساڵی دارایی 2024 دا 11 مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، هه‌ندێجار له‌كاتی خۆی و زۆربه‌یجار دوای 40 و 50 و 60 رۆژدا، هه‌رچی  مووچه‌ی مانگی 12 دابه‌شنه‌كراوه‌‌، له‌م باره‌‌یه‌وه‌ تا ئێستا هیچ ئاسۆییه‌كی ڕوون ونزیك بوونی نی یه‌، ئه‌مه‌ لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی فیدراڵ، ئاماژە بەوەدەکات مووچەى سەرجەم مانگەکانی ساڵی ڕابردوهی ناردووە.

له‌بڵاوكراوه‌یه‌كیدا وەزارەتى دارایی و ئابورى هه‌رێم، ئاماژەى بەوەداوە پشکى تەرخانکراوى هەرێمى کوردستان بۆ مووچە لە بودجەى ساڵی دارایی 2024  “(11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن و 335) هەزار دینار بووە، بەڵام 822 ملیار و 642 ملیۆن و 15 هەزار و 37 دینار کەمتر لەو پشکە نێردراوە.

هه‌روه‌ها وەزارەتى دارایی هه‌رێم رایگەیاندووە، تاوەکو 30-11-2024  بڕى داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان (چوار تریلیۆن و 347 ملیار و 484 ملیۆن و 382 هەزار و 654)  دینار بووە. به‌قسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی،  هه‌رێم له‌ساڵی ڕابردودا به‌پێنج گوژمه‌، 399 ملیار و 168 ملیۆن و 964 هەزار و 550 دینارى داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کراوە، به‌پێی ڕێكه‌وتنێك پێویسته‌ هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی شایسته‌داراییه‌كانی له‌به‌غدا، مانگانه‌ ڕێژه‌ی 50% ی داهاتی نانه‌وتی و ناوخۆیی بنێرێت بۆ به‌غدا.

هه‌فته‌ی ڕابردوو، لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، میوانداری له‌ ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق كرد، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی دارایی 2025 و هه‌واركردنه‌وه‌ی و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. تێدا خانمی وه‌زیر به‌ڕاشكاوی ووتویه‌تی ئێمه‌ مووچه‌ی سه‌رجه‌م مانگه‌كانی ساڵی ڕابردومان ناردووه‌ و به‌رپرس نین له‌چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمدا.

شایانی باسه‌، له‌په‌راوێزی كۆبونه‌وه‌كه‌، بڕیار درا‌ بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی كه‌له‌ حه‌وت ئه‌ندام پێكدێت‌، بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ووردبینی بكه‌ن له‌ شایسته‌داراییه‌كانی هه‌رێم و ڕاست ودروستی تۆمه‌ت وداتاوژماره‌ و بڵاوكراوه‌كانی هه‌ردوولا.

لەئەگەری ڕاست و دروستی داتاو ژمارەکانی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ولێرو به‌غدا، پێمان وایه‌ جگە لەکاتکوشتن و به‌فیرۆدان، فه‌رمانبه‌ران و مووچەخۆرانی هه‌رێم، بەردەوام قۆچی قوربانیەکەن و نابینین ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ ڕێكاری یاسایی یان ئیداری و دارایی بگیرێته‌به‌ر لەقازانجی مووچەخۆران بێت.

هه‌ر بۆیه‌ له‌م نێوه‌نده‌دا، مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، نازانن به‌ داتا و زانیاری كام لا شایه‌توومان بهێنین! ئه‌وه‌ی به‌لای مووچه‌خۆر و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ گرنگ و به‌بایه‌خه‌، وه‌رگرتنی مووچه‌كانیانه‌ له‌كاتی خۆیدا، بێ دواكه‌وتن و بێ سه‌رئێشه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی هه‌ردوو ساڵی دارایی 2023 و 2024  قورس و پڕمه‌ینه‌ت بوون بۆ مووچه‌خۆران به‌گشتی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان به‌تایبه‌تی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ده‌ ساڵه‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌ شایسته‌داراییه‌كانیان له‌بابه‌تی به‌رزه‌مووچه‌( ترفیع) بێ به‌شن.

*ئابوریناس

ئینفینیتیی نوێ نمایش كرا‌
پێت ئینفینیتیی نوێ نمایش كرا‌
وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە
دوات وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە
پەیوەنیدر