وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند بە هۆی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆرەوە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە و بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکەش ئاستی بەرهەمهێنانیان لە هەردوو وێستگەی دوکان و دەربەندیخان زیاد كردووە.
ئەمشەو وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەكەینەوە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بەهۆی هەندێک گرفتی تەكنیكییەوە کارەکان دواكەوتوون و بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تا كاتژمێر (8:00)ی بەیانی ڕۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی بێتەوە.
وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاند، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دوکان و دەربەندیخان زیاد كردووە.