نوسینی: سەرکاو فیروز
مەراسیمی پیرشالیار ئەمساڵ ڕۆژی 29ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
هەورامانی تەخت دەکەوێتە بەشی ھەورامانی ڕۆژھەڵات سەر بە پارێزگای سنە. ڕێگایەکی سەخت و پێچاو پێچی سەرنج ڕاکێش دەمان گەیەنێتە ئەم شارۆچکەیە لە پارێزگای کرماشان و شاری پاوە و بەقەراخی ڕووباری سیروان و سەدی هەجیج دا دەڕوات تا دەگاتە هەورامانی تەخت.
ڕێگەی دووەمی لە سنە و مەریوانەوە بەناو ئاوایی دزڵیدا تێدەپەڕێت، ئەم شارە لە ئامێزی کێوە سەخت و بە بەفر داپۆشراوەکاندا خۆی بە قەدپاڵی چیایەکی سەختەوە چەسپاندووە، خانوەکانی لەسەر یەک و بەئەندازیاریەکی کەموێنەی پلیکانەی بەبەردی چاککراو دەرگاو دەلاقەی شینو سەوزەوە بونیاد نراون، بەشێوەیەک خانووی یەکەم بووە بەحەوشە بۆ خانوی سەرووی خۆی.
کۆڵانی تەسک و بە بەرد ڕووپۆشکراو ماڵەکان لە یەک جیادەکەنەوە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی بەھێز و ڕەسەن لەناو خەڵکەکەیدا ھەیە. هەر ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە کۆمەڵگای هەورامان کۆمەڵگایەکی کۆمەڵایەتی مرۆڤ دۆستە و گیانی یەکتر قبوڵکردنو پێکەوەژیان لەناویاندا هەیە.
پیر شالیار کێیە؟
پیرشالیار پیرێکی ناوچەی هەورامانە کە خەڵکی ناوچەکە بە کەسایەتییەکی گرنگ و ئاینی دەزانن. ناوەکەی بۆ ئاینی میترا دەگەڕێتەوە بەمانای کەسایەتیەکی ئاینی بەھێز دێت.
پیر ناونیشانێکە لە ئاینی میترای بۆ پیاوچاک بەکار هاتووە لە زۆر سەرچاوەدا بە پیاوانی ئاینی پیر، بابا، سەیید و شێخ وتراوە، فەرهەنگی موعین بۆ وشەی شالیار دەنووسێ: شالیار فەرمانڕەوای شار، گەورەی شار کەوایە پیرشالیار گەورەیەکی ئایینیی بووە. هەریەکە لە (ڕەشید یاسمی) و (ئایەتوڵای مەردۆخی) پیرشالیار بە پیرێکی زەردەشتی دادەنێن پیر شالیار کتێبێکی هەیە بە ناوی (ماریفەی پیر شالیار) بەڵام تا ئێستا ئەوکتێبە نەدۆزراوەتەوە تەنها چەند دەربڕینێکی پیرشالیار بەشێوەی شیعر لەبەردەست نوسەر و لێکۆڵەرەواندایە کە قسەی لەسەردەکەن ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەم پیرە زەردەشتی بووە و باس لە هاتنی ئاینێکی تر دەکات کە مەبەست لە ئاینی ئیسلامە.
چەند نیوە دێڕێک لە شیعرەکەی :
“ۋەروێوە وارۊ وەرۋە وەرېنە
وەرېسە بڕیۊ چوار سەرېنە
کەرگەی سیاوە هېڵە چەرمېنە
گۊشڵۍ مەڕیۊ دووە بەرېنە”
پیرشالیار لەڕێگەی ئەم شیعرەوە
فەلسەفەو ڕوئیای خۆی بە نمونەی سادە و ئاسای بەشێوەیێکی کورت دەخاتەڕوو کە چەندین لێکدانەوەی بۆ کراوە.
بەم شێوەیە وەریدەگێڕم کە
بەفرێک دەبارێت بەفرە خۆرەیە
گوریس دەبڕدرێت چوار سەرەیە
مریشکی ڕەش هێلکە سپیە
کۆزە دەشکێت دوو دەرگایە،
لە دوو دێڕە شیعری تردا دەڵێت:
داران گیان داران، جەرگ و دڵ بەرگەن
گاهێ پڕ بەرگەن گاهێ بێ بەرگەن
کەرگە جە هێڵەن، هێڵە جە کەرگەن
ڕەواس جە ڕەواس وەرگ جە وەرگەن”
وەرگێڕانەکەی دەبێتە:
“دارە گیان دارە، جەرگ و دڵ بەرگە
جارێک پڕ بەرگە جارێک بێبەرگە.
مریشک لە هێلکەیە، هێلکە لە مریشکە
ڕێوی لە ڕێوی، گورگ لە گورگە.
زەماوەندی پیرشالیار لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟
بەپێی گێڕانەوە و مێژووی ئەو ناوچەیە بەهار خاتون کچی پاشای بوغارا دەبێت ئەم کچە نابیستو ناگۆ دەبێت پاشا دوای ئەوەی لە چارەسەری دکتۆر و زاناکان بێ ئومێد دەبێت و ناوبانگی پیرشالیار و لێهاتوی کەراماتێک کە هەیبووە دەگاتە لای پاشا ئەویش کچەکەی بۆ چارەسەر دەنێرێت بۆ هەورامان بۆ لای پیرشالیار بە پێی گێرانەوەکان پیرشالیار توانیویەتی بەھار خاتونی کچی پاشای بوغارا چارەسەر بکات. پاشای بوغاراش لەبەرامبەر ئەو کارەیدا کچەکەی پێداوە. پیرشالیار کەسێکی عیرفانیو دونیا نەویست دەبێت بۆیە خەڵکی ھەورامان زەماوەندەکەی بۆ بەڕێوە دەبەنو ھاوکاری دەکەن. رێوڕەسمەکانی ئێستای پیرشالیاریش دەبەسترێتەوە بە رووداوی زەماوەندی پیرشالیار و کچی شای بوغارا.
ئەو ریوایەتە مێژوویەکی دیاری نییە و سەرچاوەکان بۆ هەزار ساڵ لەمەوبەری دەگەڕێننەوە، کات و شێوازی زەماوەندی پیرشالیار: ساڵانە لە وەرزی زستاندا رێوڕەسمی پیرشالیار لە یەکەم چوارشەممەی نیوەی دووەمی مانگی دووی زستان بەڕێوەدەچێت. لەم ڕۆژەدا لەھەموو جیھانەوە گەشتیاران و ڕاگەیاندنکاران سەردانی ئەم شارۆچکەیە دەکەن و میوانداری خەڵکێکی زۆر دەکات.
ئەم مەراسیمە لەیەکەم ڕۆژیدا بە دابەشکردنی گوێزی باخی پیر بەسەر دانیشتواندا کەپێی دەوترێت کڵاو رۆچنە دەست پێدەکات. لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە چەند سەر حەیوانێک دەکرێتە قوربانی و بەشێکی دابەش دەکرێت و بەشەکەی تری دەکرێت بە چێشت. دواتر سەردانی مەزاری پیرشالیار دەکەن چەند مەترێک خوار مەزارەکەی پیرەوە ئەشکەوتی چلەکێشانی پیرشالیاری لێیە کە لەوێدا خواپەرستی کردووە و چلەی کێشاوە.
چەند ھەنگاوێک لەلای ڕاستی ئەشکەوتەکەوە بەردی کۆمسای ھەیە کە ساڵانە لێی دەشکێنن وەک دەوترێت کەم ناکات و وەک خۆی لێدێتەوە، دواتر سەردانی ماڵی پیر دەکرێت کە دەکەوێتە ناو ماڵەکانەوە، لەسەربانەکەی بەدەف لێدان و گۆرانی شێخانە حاڵ و زیکر دەکرێت. بۆ خوانی ئێوارە خواردنێکی تایبەت کە لەناو مەنجەڵی گەورەدا بەسەر ئاگری دارەوە لێدەنرێت کە شۆربایەکی جیاواز و گۆشتی قوربانیەکەی تێدەکرێت ئەم خواردنە هەمان ئەو خواردنەی سەردومی پیشالیارە کە لە زەماوەندەکەیدا دروستکراوە. شەوەکەشی هەمووان کۆدەبنەوە بە زیکرو خواپەرستی لەحاڵێکی عیرفانیدا شەوەکە بەڕێ دەکەن.
ئەم مەراسیمە سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەمساڵ یەکەم ڕۆژی دەکەوێتە بەرواری 29/1وە ئەم شێوازی حاڵ و زیکرە مێژووەکەی بۆ دوای پیرشالیاری یەکەم دەگەڕێتەوە و لە سەردومی پیرشالیاری دووەم کەناوی (مستەفا خوداداد) بووە بۆ زەماوەندەکە زیاد دەکرێت.
مامۆستا مەلا (عەبدولکەریم مودەریس ) لەکتێبی (بنەماڵەی زانیاراندا) نوسیویەتی پیرشالیاری دووەم ناوی (مستەفا خوداداد کوڕی بابل)ە شەجەرەی دەچێتەوە سەر ئیمام (حسێن).