گەنجێکی دهۆک بە ڕاوەماسیی بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات



 گەنجێکی گوندی کەمونا لە پارێزگای دهۆک ماوەی دە ساڵە خەریکی ڕاوکردنی ماسییە و ئەمە بووەتە سەرچاوەیەک بۆ بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی و ڕۆژانە لەسەر ڕووباری دیجلە خەریکی ڕاوکردنی ماسییە و، وەک خۆی دەڵێت ئەو ماسییانەی جۆرەکانییان تایبەت و دەگمەن بێت بۆخۆی دەیخوات و نایفرۆشێتەوە.

سەفوان عەدنان دانیشتووی گوندی کەمونای سەر بە شارۆچکەی خانکێیە لە قەزای سیمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک، شوێنەکە دەکەوێتە سەر لێواری بەنداوی مووسڵ و، ئەو چەندین ساڵە خەریکی ڕاوکردنی ماسییە و، پیشەکەی بووەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانییان.

سەفوان عەدنان لەبارەی پیشەکەیەوە، دەڵێت: “ڕاوەماسی کارێکی ئەستەمە و ئاسان نیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەمیشە دەمەوێت کارێکی جیاواز بکەم، بۆیە پیشەی ڕاوەماسییم هەڵبژاردووە، بۆ نموونە ئێستا من لەسەر ڕووبارم، رۆژانە ڕەنگە دوو کەس نەبینم، بەڵام ھەستێکی زۆر خۆشە کاتێک تۆڕەکە ڕادەکێشم و دەبینم ماسی گرتووە، ئەمە چێژی خۆی ھەیە، لێرە دەریاچەیەک ھەیە، منیش خێوەتێکم هەڵداوە و بەشەویش لێرە دەمێنمەوە”.

سەفوان عەدنان گوتیشی: “ماسی جۆراو جۆر لە ئاوەکەدا هەیە، زۆربەیشیان کەوتوونەتە ناو تۆڕەکانی ڕاوکردنەوە، پێش چەند ڕۆژێک جۆرێک ماسیم گرت و نیشانی ھەندێک لەو ماسییگرانەم دا کە نزیکەی ٤٠ ساڵە پیشەیان ڕاوکردنی ماسییە، ئەوان گوتیان ئەمە جۆرێکی جیاوازە و تا ئێستا نەمان بینیووە، دوای ئەوەی ڤیدیۆی ماسییەکەم بڵاوکردەوە بۆم دەرکەوت ئەم جۆرە ماسییە لە بەسڕە هەیە”.

سەفوان عەدنان باسی نرخی ماسییەکانی کرد و گوتی: “ھەرزانترین جۆری ماسی ئێستا لە بازاڕدا کیلۆی بە یەک ھەزار دیناری عێراقیە، هەروەها گرانترین ماسیش کە بە خواردنی مەلیکەکان ناسراوە کیلۆی بە ١٠ ھەزار دینار دەفرۆشین، بەڵام کە دەچێتە بازاڕ نرخەکەی بەرز دەکرێتەوە، ئێمە لەسەر ڕووبار بە نرخی کۆ دەیفرۆشین، زۆر جۆری ماسی لە بەنداوی مووسڵدا ھەن بۆ نموونە مار ماسی ھەیە و دەرمانە کە پزیشکەکان بۆ هەندێک نەخۆشی وەک چارەسەر پێشنیازی بۆ دەکەن”.

سەفوان عەدنان گوتیشی: “ھەندێک ڕۆژ سێ ژەمە ماسی دەخۆم، هەر ماسییەک ڕاودەکەم ئەگەر جۆرەکەی باش بێت، ئەوا نایفرۆشم و بۆخۆم دەیخۆم”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٣٣٢ پڕۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە ھەرێم ھەن (٣١٠ حەوزی خۆڵی، ١١ حەوزی کۆنکریتی، ١١ حەوزی قەفەس)ین، بەرھەمی ماسی لە ھەرێم ساڵانە زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ تۆن ماسییە؛ ھەرێم پێویستیی بە نزیکەی ٨٠ ھەزار تۆن ماسییە لە ساڵێکدا، تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، خەڵکی دھۆک ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە چوار ھەزار تۆن ماسی ھەیە.

هەروەها بەنداوی مووسڵ گەورەترین بەنداوی عێراقە و لەسەر ڕووباری دیتجلە هەڵکەوتووە و لە ساڵی ١٩٨٦ کەوتووەتە کار، بەنداوەکە ١١٣ مەتر بەرزە و ٣.٤کیلۆمەتر درێژە، توانای گلدانەوەی نزیکەی ھەشت ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە.

مەراسیمی پیرشالیار لەچیەوە ھاتووە کەی و لەکوێ دەکرێت؟ 
پێت مەراسیمی پیرشالیار لەچیەوە ھاتووە کەی و لەکوێ دەکرێت؟ 
وێنە فەرمییەکەی ترەمپ مشتومڕی دروست کردووە
دوات وێنە فەرمییەکەی ترەمپ مشتومڕی دروست کردووە
پەیوەنیدر