بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، دۆخی وشك و كەم بارانی لە سەر هەرێمی كوردستان كۆتایی دێت و لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێكی باشی باران بارین هەرێم دەگرێتەوە و وەك شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: وەرزی بەهارمان بەهارێكی تەواو باش تەڕ و باراناویی دەبێت و بەشێكی زستانیش باش دەبێت.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) وتی: “وشکی کەش و نائومێدیەکان بەم زووانە تێدەپەڕن و بارودۆخەکە بەرەو ئەرێنی و باشی دەچێتەوە، تەنها هەفتەیەکی وشکمان لە پێشدا ماوە، لەناو هەفتەی کۆتاییدا شەپۆلی سەرتاسەری دەست پێدەکەنەوە و لەناو هەفتەی کۆتایی مانگ شەپۆلی گشتگیرو بەهێزی باشمان هەیە”.
ڕاشیگەیاند، “دەزگای كەشناسیی ئەمریكی ئاماژە بەبارانی سەرووی نۆڕماڵ و زۆر باش دەكەن بۆ وەرزی بەهار بۆ تەواوی ناوچەكانی هەرێم و گەرمیان بەو پێیەی دۆخی زەریای هێمن لە ئێستادا لەبەشێكی لانینا ماوە ئەوكات لەنیوتڕاڵدا دەبێت و هەروەها زەریای ئەتڵەسی گەرمە و بۆ ئەوكات گەرمتر دەبێت”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بە هەردوو بەشییەوە ئەم گۆڕانكارییانەش وادەكەن شێی مەداری لە لوتكەدا بێت لە بەهاردا و ئەوپەڕی چالاك بێت ئەمەش وادەكات لە كۆتاییەكانی زستان و بەهار شێی مەداری كە لە خوار ناوچەی ئیستواییەوە دێت و بەرەو ناوچەی كەمەرەیی ئەفریقی لەوێشەوە دێتە سەر دەریای سوور و ناوەڕاست و ناوچەكە بەمەش وادەكات شەپۆلەكانی هەردوو دەریا بە تەواوی چالاك بن و ڕێگا بەهاتنی ناوچەپەستان بەرزەكان نەدەن.