حكومەتی هەرێم وردەكاری خانەنشینی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە



فەرمانگەی میدیا و زانیاری وردەكاری بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رێنوێنییە نوێییەكانی خانەنشینی پاڵپشت بە رێكارەكانی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی بڵاو كردەوە.

حكومەتی هەرێم لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2025، لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پاڵپشت بە ڕێكارەكانی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە (9)ی هەمواركراوی ساڵی 2014، چەند بڕیارێكی لەبارەی خانەنشینكردنەوە دەركرد. بەپێی فەرمانەكە هەر فەرمانبەرێك تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم كراوەتەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانەكەی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە:
لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (259) لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ژمارە (135) لە 3/7/2024، و پشتبەست بە بڕیاری دادگای باڵای ئیتیحادی ژمارە (212/اتحادیە/2022) له 23/11/2022 تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، و ئاماژە بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی وردبینیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی ئیتیحادی و هەرێم لە ڕۆژی 17/10/2023 تایبەت بە ئەنجامی چاودێری و وردبینیی ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێم، بڕیارمان دا بە:

یەکەم: پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی (10/یەکەم) لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، تەمەنی یاسایی خانەنشینیی سەرجەم فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە تەواوکردنی تەمەنی (60) ساڵی و هەر فەرمانبەرێک بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ تەمەنی (60) شەست ساڵی تەواو کرد، پێویستە دەستبەجێ هەواڵەی خانەنشینی بکرێت.

دووەم: پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی (2) لە یاسای ژمارە (26)ی ساڵی 2019ی یاسای هەمواری یەکەمی خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014، ئەمانەی لای خوارەوە بەدەر دەکرێن لە تەمەنی یاسای خانەنشینیی هاتوو لە خاڵی (یەکەم)ی لای سەرەوە و تەمەنی یاسایی خانەنشینان دەبێتە تەواوکردنی تەمەنی (63) شەست و سێ ساڵی بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ:

1. ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ڕاژەی زانکۆیی دەیانگرێتەوە و هەڵگری ناونیشانی (پڕۆفیسۆر و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر)ن.
2. پزیشکانی دادوەری و پزیشکانی سڕکردنی و پزیشکانی دەروونی.
3. ڕاوێژکاران و ڕاوێژکارانی یاریدەدەر لە ئەنجومەنی شوورای هەرێم.
4. فڕۆکەوانانی مەدەنی لەوانەی کار دەکەن وەک کاپتنی فڕۆکە بە شێوەیەکی کرداری و لە کاتی خۆیدا مۆڵەتی کارکردنی بەرکاریان هەیە.

سێیەم: پاڵپشت بە حکومەکانی ماددەی (2) لە یاسای ژمارە (26)ی ساڵی 2019ی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014 بەدەر لە تەمەنی یاسایی خانەنشینی هاتوو لە خاڵەکانی (یەکەم) و (دووەم)ی لای سەرەوە، ئەم فەرمانبەرانەی لای خوارەوە تەمەنی یاسایی خانەنشینییان دەبێتە تەواوکردنی تەمەنی (65) ساڵی بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ:

1. ئەو فەرمانبەرەی کە بەپێی حکومەکانی یاسای فەسڵکراوانی سیاسیی ئیتیحادی ژمارە (24)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو گەڕێندراوەتەوە ڕاژە لەسەر میلاکی حکومەتی ئیتیحادی و دواتر گواستنەوەی ڕاژەیان بۆ کراوە بۆ سەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

2. ئەو فەرمانبەرەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن کە یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەس و کاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2007ی هەموارکراو دەگرێتەوە.

3. ئەو فەرمانبەرەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و ڕاگیراوی سیاسی کوردستانی ژمارە (11)ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەیگرێتەوە.

چوارەم: سەبارەت بە خانەنشینکردن لەسەر داوای فەرمانبەر، هەر فەرمانبەرێک بە تەواوکردنی (45) ساڵ تەمەن و بوونی (15) ساڵ خزمەت فەرمانی خانەنشینکردنی دەرچووبێت بەر لە دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (259) لە 3/7/2024، پێویستە مامەڵەی خانەنشینییەکەی ڕایی بکرێت، لە دوای ڕێکەوتی بڕیاری سەرەوە، حکومەکانی ماددەی (12/یەکەم) لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (19)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پیادە دەکرێت و پێویستە فەرمانبەرەکە تەمەنی (50) پەنجا ساڵی تەواو کردبێت یان ڕاژەی خانەنشینییەکەی لە (25) بیست و پێنچ ساڵ کەمتر نەبێت.

پێنجەم: بە تەواوکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینی هاتوو لە خاڵەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم)ی لای سەرەوە، فەرمانبەر سیفەتی فەرمانبەرێتی لەدەست دەدات و پێویستە لەسەر وەزارەت و فەرمانگەی نەبەستراو بە وەزارەت دەست لە کارترازاندنی بۆ بکەن لە پاش نیوەڕۆی دواهەمین ڕۆژی تەواوکردنی تەمەنە یاساییەکەی، بەبێ چاوەڕێکردنی گەڕانەوەی ڕەزامەندیی لایەن پەیوەندیدارەکان. بەپێچەوانەوە، ئەو ماوەیەی فەرمانبەرەکە لەدوای تەواوکردنی تەمەنە یاساییەکەی لە وەزیفەکەیدا دەمێنێتەوە بۆ هیچ مەبەستێک ئەژمار ناکرێت و هەموو ئەو مووچە و دەرماڵەیەی بۆی خەرج کراوە لێی وەردەگیرێتەوە و فەرمانبەری تایبەتمەندیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.

شەشەم: سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە لە پێش ڕێکەوتی 1/1/2025 بەگوێرەی ماددەی (1/سێیەم) لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ژمارە (27)ی ساڵی 2006ی هەموارکراو ڕەزامەندیی درێژکردنەوەی خزمەتی وەزیفییان لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەنجام دراوە، ئەوا لە خزمەت بەردەوام دەبن تاوەکوو تەواوبوونی ئەو ماوەیەی خزمەتی وەزیفییان بۆ درێژ کراوەتەوە. لەوە بە دواوە، پێویستە ڕاستەوخۆ هەواڵەی خانەنشینی بکرێن.

حەوتەم: گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت پێویستە پابەند بن بە بەرزنەکردنەوەی پێشنیاری داوای درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشینی بۆ فەرمانبەرانیان بۆ ئەم سەرۆکایەتییە، لەبەر ئەوەی بەپێی حکومەکانی ماددە (13) لە یاسای ژمارە (26)ی ساڵی 2019ی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014، درێژکردنەوەی ڕاژەی فەرمانبەر لە کاتی تەواوکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینیی فەرمانبەران هەڵوەشاوەتەوە.

هەشتەم: ئەو فەرمانبەرەی هەواڵەی خانەنشینی دەکرێت بە گوێرەی ئەو دۆخانەی لە خاڵەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم)ی لای سەرەوەدا هاتووە، شایستەی هەموو ئەو ماف و جیاوکانە دەبێت کە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پێی دەدات ئەگەر هاتوو مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدا بەدی هاتبێت.

 

ئیسڕائیل بڕیار لە ئاگربەست دەدات
پێت ئیسڕائیل بڕیار لە ئاگربەست دەدات
عێراق سکاڵایەکی دیکەی دژی هەرێم تۆمارکرد
دوات عێراق سکاڵایەکی دیکەی دژی هەرێم تۆمارکرد
پەیوەنیدر