هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوە کرد هەوڵی بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیارێتییە دەدەن کە وەریانگرتووە بۆ ئەوەی تورکیا کەمترین کاریگەری ئەو پشێوی و قەیرانەی لەسەر بێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت.
لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەی پەیوەست بە کەمپینی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان (HDK) ”یەک ملیۆن واژوو بۆ ئاشتیی” پێشکەشی کرد، باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیاشدا زەمینەی سیاسیی ڕووبەڕووی شکانێک بووەتەوە کە هیچ کات وانەبووە.
باکرهان باسی لەوە کرد کە ئەو وڵاتانەی دیموکراسی ناوخۆیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی خۆیان دامەزراندووە، کەمترین کاریگەری پشێوی و قەیرانیان لەسەرە و، ڕایگەیاند: ”ئێمەیش بەرپرسیارێتییەکمان هەیە بۆ ئەوەی تورکیا، گەلانی تورکیا کەمترین کاریگەری پشێوی و قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەسەر بێت. هەوڵی بەجێگەیاندنی ئەو بەرپرسیارێتییە دەدەین”.
تونجەر باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە جەنگ ماڵوێرانی و هەژاری دروست دەکات، لەبەرئەوە پێویستە ئەم دۆخە نەهێڵدرێت و، ڕایگەیاند: ”ڕایدەگەیەنین کە پێویستە تورکیا کێشەکانی خۆی بە تایبەت پرسی کورد لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان لەسەر بنەمای دیموکراسی چارەسەر بکات. پرسی ‘خۆشگوزەرانی و ئاشتی’ کە بەڕێز ئەردۆغان لە دیاربەکر باسی کرد، تەنیا بە دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی فەراهەم دەبێت”.
باکرهان گوتەیەکی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی وەبیرهێنایەوە کە دوێنێ لە میانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: ”دەمەوێت گەلەکەم بەتایبەتی ئەوە بزانێت کە ئەگەر بانگەوازی پێویست بکرێت و ڕێکخراوی تیرۆریستیی و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانیشی هەنگاوی پێویست بنێن، ئەوا براوە هەموو تورکیا دەبێت بە تورک و کوردەوە”.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی باکرهان، ئەو گوتەیەی بە ”ئیرادەیەکی باش و دروست” ناوزەند کرد و، ڕایگەیاند: ”دوای ئەوەی بانگەواز کرا، ئایا ناوەندێک هەیە گەرەنتی ئەوە بدات کە موخاتەبەکانی ئەم بانگەوازە بۆ کوێ بچن، چۆن بژین، لە چ زەمینەیەکدا درێژە بە ژیان بدەن؟ یاخود ئایا ناونیشانێک هەیە کە هەموومان بتوانین بڵێین ”بەڵێ، ڕاستیی ئەمەیە”؟ ئەمە نییە. ئێمەیش دەخوازین هەلومەرجەکان بەدیبێن، بانگەوازەکان بکرێن. ئیدی ئەم وڵاتە دووربێت لە شەڕ و پێکدادان و جەنگەکان”.