سەرۆکی پارتی و فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختیان لە یەکڕیزیی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە سووریا.
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
جەخت کرایەوە کە پێویستە لایەنە کوردیەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، و فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.