سەرۆکی یەکێتیی لەگەڵ جێگرى ياريدهدهرى وهزيرى دهرهوهى ئهمریکا بۆ کاروباری رۆژههڵاتی نزیک کۆبۆوە و ڕایگەیاند” دەمانەوێت كێشەی مووچە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە”.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، لە دەباشان لەگەڵ ڤيكتۆريا تايلۆر، جێگرى ياريدهدهرى وهزيرى دهرهوهى ئهمریکا بۆ کاروباری رۆژههڵاتی نزیک و وەفدێکی ياوهرى کۆبۆوە، و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان تاوتوێکرد.
بافل تاڵەبانی ڕایگەیاند، پابەندین بە پاراستن و بەرگریكردن لە ماف و بژێویی ژیانی خەڵكەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە هەوڵەكانمان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و دادپەروەر بەردەوامین و دەمانەوێت یەكسانی و هاوبەشیی راستەقینە بنەماكەی بێت.
وتیشی”دەمانەوێت هەموومان بەرپرسیارانە و دوور لە هەموو ناكۆكییەك خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین و هەرێمەكەمان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیریی زیاتر ئاڕاستە بكەین”.
سەرۆکی یەکێتی جەختیشیکردەوە، داوای پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەكەین و دەمانەوێت ئەم كێشەیە چارەسەرێكی هەمیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، ناكرێت بەردەوامیی بەم دۆخە بدرێت و ژیانی خەڵك تێكەڵی ململانێكان بكرێت، ئەم پەیامەشمان بەهەموولایەك گەیاندووە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا و هەڵوێست و یەک ڕیزی کورد، سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، هەوڵی ئێمە بۆ پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی سووریا بووە و جەختمان لە لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ كردووەتەوە بەتایبەت لەگەڵ كورد كە قوربانییەكی زۆریان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری داوە.
ئاماژەی بەوەشدا، یەكگرتوویی و یەكگوتاریی كورد لە سووریا بەشێكی گرنگی هەوڵەكانمان بووە و هەوڵمانداوە هەمووان بە ستراتیژێكی هاوبەشەوە هەنگاوبنێن، بەخۆشحاڵییەوە سەركەوتووبووین و لەداهاتوودا ئەنجامەكەی رووندەبێتەوە.
لە بەشێكیتری دیدارەكەدا پرسی وزە گفتوگۆی وردی لەبارەوەكرا و لەو رووەشەوە بافڵ تالەبانی هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد، ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا سەبارەت بەم پرسە پەیڕەوكراوە سەركەوتوو نەبووە، بۆیە دەمانەوێت لەداهاتوودا بە ستراتیژێكی نوێوە ئەم كەرتە بەڕێوەببەین و ببێتە مایەی پێشكەوتن و ئاوەدانیی وڵاتەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارین لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككەوتنێكی هاوبەش و هەمووان پێكەوە خزمەتی خەڵكەكەمان بكەین.