بە مەبەستی رێکخستنەوەی ئەرک و کارەکانیان وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد و دەڵێت” بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئەفسەران لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەهەمووشێوەیەک قەدەغەیە”.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی چوار خاڵی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، چیتر نابێت و ئەفسەر و پلەدارەکان ڤیدیۆ لە تیکتۆک بڵاو بکەنەوە و خۆیان نمایش بکەن، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت خۆیان لە هەموو کۆمێنت و پۆستێکی نەشیاو بەدوور بگرن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە هەواڵگری و بەڕيوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو پەیج و ئەکاونتە فەیکانە بکات کە سووکایەتی بە ناوی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکات.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
ژمارەیەک بریار و ڕاسپاردە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە
بە مەبستی زیاتر رێکخستنی ئەرک و کارەکانی راگەیاندن و کۆنترۆڵکردنی ئەو بەربڵاوییە لە بڵاوکردنەوەی وێنە و فیدیۆ و نمایشکردن بە جل و بەرگی سەربازی بە شێوەیەکی نادروست، هەروەها دانانی پەیج و ئەکاونتی نافەرمی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان، وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە(٦٠) لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ ژمارەیەک بریار و راسپاردەی دەرکردوە و تیایدا هاتووە:-
١- هەموو جۆرە پۆست و بڵاوکردنەوەی هەرجۆرە نمایش و خۆ دەرخستنێک بە شێوەیەک چالاکی کەسی ئەفسەر و فەرماندە و پێشمەرگە بە جلی سەربازی لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان کە زیان بە شکۆ و کەسایەتی فەرماندە و ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەگەیەنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا قەدەغەیە.
٢- هەموو جۆرە ناوزڕاندنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا “كۆمێنتی نەشیاو یان پۆست و بڵاوكردنەوەی وێنەی نەگونجاو”، ئەنجامدەرەكەی رووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی، هەر ئەفسەر و پێشمەرگەیەك بەدەر لەو رێنوێنییانەی كە لە فەرمانەكەدا هاتووە ئەو كارانە ئەنجام بدات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە و دەدرێتە دادگای سەربازی.
٣- ئەنجامدانی ئەو کارانە قەدەغەیە کە لە خاڵی (١-٢)ی بریارەکەدا هاتووە، هەر فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەیەک بەدەر لە و ڕێنماییەی کە لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەنجامیان بدات ئەوا سزای یاسایی دەدرێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگە چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو بابەتە دەکەن.
٤- پێویستە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هەواڵگری پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنیەکان بەدواداچوون بۆ پەیجە فەیک و نادیارەکان بکەن کە سوکایەتی بە ناو ناوبانگی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، ئەگەر کەسانی سەربازی بن بە پێی یاسای سزدانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ئەگەر کەسانی مەدەنی بن لە رێگەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت.