سەرتیپ جەوهەر
بەئامادەبوونی ئەمریكیەكان، هەسەدە و توركەكان كۆبونەوە، بەڵام ئەنجامی نەبووە
پرسی گەڕانەوەی هێزی رۆژ بۆ رۆژئاوای كوردستان كۆتایی پێهاتووە
ئەمریكا لەبەرامبەر توركیا دژی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەیە
جۆلانی پەیوەندی دیمەشقی لەگەڵ تەواوی فەرمانگەكانی دەوڵەت لەرۆژئاوا پچڕاندووە
كۆبونەوەی بارزانیی و مەزلوم عەبدی لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سوریا و ناوچەكەیەو لێكەوتەی دەستپێشخەری ئەمریكاو وڵاتێكی هەرێمەكەیە بۆ رێكخستنەوەو باشتركردنی دۆخی رۆژئاوای كوردستان.
ئەگەر سەردانەكە سەربگرێت، دەبێتە یەكەم سەردانیی رەسمیی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ هەولێر. ئەم سەردانە لەسەر داوای كاك مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەو كرانەوەیەكی نوێ دەبێت لەپەیوەندی نێوان پارتی و رۆژئاوای كوردستان، بەڵام پێناچێت توركیا بێئاگابێت لەم سەردانە، دیاریش نییە سەردانەكە تەنها لەگەڵ بارزانیی دەبێت یان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم.
بەپێی زانیاریی ناڕەسمیی پرسی گەڕانەوەی هێزی رۆژ بۆ رۆژئاوای كوردستان لەدانوستاندا هەڵگیراوە، ئەمریكیەكان لەگەڵ گەڕانەوەی ئەو هێزەدا نین. ئەمە یەكێك بوو لەرێگریی و ئاستەنگەكانی دانوستانی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە، ئەمریكا پشتیوانیی جددی هێزەكانی سوریای دیموكراتەو لەم قۆناغەدا وەك باشترین پشتیوانیی خۆی دەزانێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەدا نییە نە تێكەڵ بەسوپای جۆلانیی ببێتەوەو نە پێكهاتەكەی دەستكاریی بكرێت.
بەر لە 3 هەفتە لەفرۆكەخانەی (زومێر) بەنێوانگیریی و ئامادەبوونی ئەمریكیەكان هەریەكە لە مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و محەمەد جۆلانیی بەڕێوبەری ئێستای سوریا كۆبونەوە، بەڵام ئەنجامی نەبوو. یەكێك لەداواكارییەكانی جۆلانیی چەكدانانی هەسەدەو تێكەڵكردنی هێزەكە بوو بەو هێزەی ئێستای دیمەشق!
لەچەند رۆژی رابردووش كۆبونەوەیەكی رانەگەیەنراو بەنێوانگیریی و ئامادەبوونی ئەمریكیەكان لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و توركەكان لەسوریا بووە بۆ راگرتنی هەوڵی داگیركاریی و پەلاماردانی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان. پێدەچێت كۆبونەوەكە هەر لەناو سوریا بوبێت، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە. توركەكان مەرجی زۆریان هەبووە، یەكێك لەداواكارییەكانیان هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و تەسلیمكردنی ئەو هێزەبووە بەجۆلانیی! بەڵام ئەو داواكارییە جگە لەوەی لەلایەن هەسەدە رەتكراوەتەوە، هاوكات ئەمریكاش دژی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدەن.
كێشەو گرفتەكانی سوریا زۆر ئاڵۆزترن لەوەی پێشبینی دەكرا، جگە لەوەی تائێستا هیچ تێگەیشتنێك لەنێوان دیمەشق و رۆژئاوای كوردستان نییە، هاوكات ئیدارەكەی جۆلانیی هەموو پەیوەندییەكی ئیداریی لەگەڵ فەرمانگەكانی دەوڵەت لەرۆژئاوای كوردستان بڕیوەو تەواوی فەرمانگەكان لەهەرسێ پارێزگاكانی حەسەكەو رەققەو دێرزۆر پەكیان كەوتووە.