وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەن داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەن، بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی فیدراڵی تەواوی بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت و دەشڵێت ئەوەی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەیکا، سیاسەتی برسیکردنە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ نوێنەری وڵاتان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، شایستە داراییەکانی هەرێم، هەناردەکردنەوەی نەوت، دۆخی ناوچەکە و چەندان پرسی دیکەیان کردووە.”
سەبارەت بە پرسی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “ئامادەین داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکەین و لە ڕابردووشدا ئەمەمان گوتووە، بەڵام بەو مەرجەی هەموو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، نەک تەنها مووچە”.
دەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، وتی: “ئامادەین نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرین، بەڵام ئایا کێ پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هێواش کردەوە و وایکرد بە بڕی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بە گەنجینەی عێراق بکەوێت؟ بێگومان لە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ پێشێلکارییەک نەبووە، بەڵام لە لایەنی حکوومەتی عێراق، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش نیازی چارەکردنیشی هەبوو بێت، ئەگەر ڕاشکاوانە و بێ پێچ و پەنا قسە بکەین، هەندێک هێز و لایەنی دیکە هەن، دەتوانن ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانە بکەن کە لایەنی فەرمی دەیانکات.”
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوەی حکومەتی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات “سیاسەتی برسیکردنە و هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت”.
پێشەوا هەورامانی ڕەتیشیکردەوە کە پلان هەبێت بەم نزیکانە شاندی وەزارەتی دارایی بۆ چارسەرکردنی کێشەکان بچێتە بەغدا.