جارێکی دیکە باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکرێت و حکومەتی تورکیا دوای نزیکەی 10 ساڵ ڕێگە دەدات بۆ مەبەستی سیاسی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان بکرێت. لای خۆیانەوە ئەندامانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم)، ئەوانیش بەردەوامن لە سەردانی کەسایەتی و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بۆ وتووێژکردن و ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونەکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، نووسەر و چاودێری سیاسی بۆ (دەنگی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، یەکەم ڕۆژ موراد قەرەیلان لە تەلەفزیۆنەکەی خۆیان وتی، ئەم بەرنامەیەی تورکیا پیلانێکی فریودانە هیوادارم پەکەکە و میلـلەتی کورد فریو نەخۆن، ئۆجەلانیش گومانی هەیە لەم پڕۆسەیەی تورکیا لە ئێستادا. هەتا ئێستا دەیانوت ئێمە قسە لەگەڵ تیرۆریست ناکەین کەچی ئێستا هەموو ڕۆژێک پەنای بۆ دەبەن”.
ڕاشیگەیاند، ڕەنگە بەڕێوەبەری هەواڵگری و ئیبراهیم کاڵن و هاکان فیدان بچنە ئیمڕاڵی بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئۆجەلان بکەن و قسە بهێنن و قسە ببەن، هەتا ئۆجەلانیش گومانی هەیە لەم بەرنامەیەی تورکیا، بۆیە داوای لە شاندی ئیمڕاڵی کرد، کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و کەسایەتی کورد و تورک کۆببنەوە.
وتیشی، “بۆیە ئۆجەلان تەنانەت دەم پارتیش، دۆسێیەکەی خستووەتە پەرلەمان و تۆپەکەیان هەڵداوەتە پەرلەمان و لایەن و کەسایەتییەکان، چونکە گومانی هەیە و دەیەوێت شتەکان لە ڕێگای یاسا و پەرلەمانەوە بێت نەک لە ڕێگای ئەردۆغان و باخچەلی”.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئاماژەی بەوەشكرد، من بۆخۆم گومانم لەم پڕۆسە ئاشتییەی تورکیا هەیە. لە شۆڕشی ئاگری داخ چوونە لای شێخ سەعیدی پیران وتیان وەرن داواکارییەکانتان جێبەجێ دەکەین، دواتر داواکارییەکانیشیان جێبەجێ نەکرد و شێخ سەعیدیان لە سێدارە دا.
جەختیشی كردەوە، داواکاری پەکەکە ئەوەیە کە کێشەی کورد بێتە پەرلەمان و لە پەرلەمان لە دەستور و یاسا چارەسەر بکرێت. کوردی تورکیا داوای ئیدارەیەکی سەربەخۆ هاوشێوەی ئەوەی ڕۆژئاوا دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا. تورکیا وەک بیانوو بە پەکەکە دەڵێت جوداخوازن.