سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا كرد و گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی ناوچەكە بەتایبەتی عێراق و سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوار شەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “تەیلەر دەستخۆشی لە بارزانی کرد بۆ ناردنی نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ سووریا و دیدار لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی سووریا” و جەختیشی لەوە کردەوە، ئەمریکا پشتگیریی هەموو هەوڵێک دەکات، کە ببێتە هۆی لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان و هەروەها بەدیهاتنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە.
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تاوتوێ کرا و باسی دانوساندنی نێوان لایەنەکان و خێرابوونی هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرا.
هەڕەشەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.