وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕایگەیاند تەنها سێ پاڵاوتگەی یاسایی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و نایاساییەکانیش لە 200 زیاترن.
ئەمشەو کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانە بە وەکالەت ڕایگەیاند پاڵاوتگە نایاساییەکان زیانیان لە ژینگە داوە، بەڵام ژینگەی هەولێر و دهۆک بەروارد بە شارەکانی دیکە پیستر بوون.
ئاشکراشیکرد کە تەنها سێ پاڵاوتگەی یاسایی و مۆڵەتپێدراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن و ئەوانەی دیکە کە ژمارەیان لە 200 زیاترە، نایاسایین.
کەمال محەمەد ڕوونیشیکردەوە کە زۆرترینی پاڵاوتگە نایاساییەکان لە هەولێرن کە ژمارەیان 158 پاڵاوتگەیە، دوای ئەویش دهۆک 50 و لە سلێمانیش 21 پاڵاوتگەی نایاسایی هەیە.
وەزیری سامانە سروشتیەکان ئەوەشی خستەڕوو کە بە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە چالاکی پاڵاوتگە نایاساییەکان زیادی کردووە و تا ئەو کاتەی ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکەن، دادەخرێن.