بەرپرسی ڕێكخراوی بەدر سەر بە هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایگەیاند، ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد ئابوورین و دەکرێت چارەسەر بکرێن.
محەمەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکوک ڕایگەیاند، بەگوێرەی دەستوور نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەغدا بیفرۆشێت.
وتیشی، “ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد ئابوورین و دەکرێت چارەسەر بکرێن”.
بەیاتی جەختیشی كردەوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەهەمانشێوەی فەرمانبەرانی عێراق سەیردەکەین.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوێنێ دوو شەممە، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2024دا كێشەی مووچەی هەرێم تا ڕادەیەكی باش چارەسەر كراوە و لەمساڵدا بەتەواوی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت.
ڕاشیگەیاند، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و هیچ كێشەیەك لەنێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم نەماوە.