وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەپرسێت، بۆچی تەنیا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كێشەی مووچەیان هەیە و فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق ئەو كێشەیەیان نیە؟ و دەڵێت: تەیف سامی هاوشێوەی سەدام، مامەڵە لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.
ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی لە (كەناڵی دیجلە) دەڵێت: بۆچی تەنیا فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كێشەی مووچەیان هەیە و فەرمانبەرانی پارێزگاكانی تری عێراق ئەو كێشەیەیان نیە، وەزارەتی دارایی عێراق شكستی هێناوە، هەموو ڕۆژێك كێشەیەك بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەكات، ڕۆژێك ئەڵێت داتاكانتان كۆمپیوتەرەكانی ئێمە نایخوێنێتەوە، لە ئاخیردا دەڵێن قەیرانی داراییمان هەیە و نەختینەمان لەبەردەستدا نیە، ناتوانین پارەی مووچەخۆرانی هەرێم بدەین، كەوایە بۆچی تەنیا بۆ مووچەی هەرێم قەیرانیان هەیە، بەڵام بۆ پارێزگاكانی تر قەیرانیان نیە، ئێمە هەرێمین ئێمە پارێزگا نین لە یاسای بودجەدا، بودجەمان هەیە و پێویستە خەرجی بكەن، هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك كێشەی مووچەی بۆ درووست دەكرێت، هەموو مانگێك شاند دەنێرێت بۆ بەغدا بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە.
ڕاشیگەیاند، ڕاست نییە، كە دەڵێن هەموو مانگێك 900 ملیار دینارمان بۆ هەرێم ناردووە، بەپێی ئەو خشتانەی لەبەردەستی مندایە مانگی یەك (600 ملیار) دیناریان ناردووە، مانگی پێنج (500) ملیار دیناریان ناردووە، مانگی حەوت (800) ملیار دیناریان ناردووە، مانگی 10 تەنها (700 ملیار) دیناریان ناردووە، مانگی 100 تەنها (600) ملیار دیناریان ناردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لەسەردەمی ڕژێمی سەدام حسێندا دوو گەمارۆمان لەسەر بوو، گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق، گەمارۆی سەردام لەسەر هەرێمی كوردستان، منداڵەكانمان بەبێ خواردن دەچوون بۆ قوتابخانە لە كوردستان، ئێستا وەزیری دارایی عێراق “تەیف سامی” بە هەمان سیاسەتی سەدام مامەڵە دەكات.
دەشڵێت: كاتێك فەرمانبەران بێ بەش دەكات لە مووچەكەیان واتای ئەوە منداڵەكانی بەبێ خواردن دەچنە قوتابخانە، واتا ڕژێمیێكی نوێ ئیستغلالی قوتی خەڵكی دەكات بۆ مەرامی سیاسی، ئەمە بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نیە، ئێمە شەریكین لە عێراق ئێرە وڵاتی ئێمەیە وڵاتی كەسێكی دیاریكراو نیە.