محەمەد حاجی مەحمود ڕایدەگەیەنێت، باهۆزی گۆڕانکاری ڕووی لە ناوچەکە کردووە، لەم قۆناغە نوێیەدا، چیتر هیچ دەرفەتێک نییە بۆ سیاسەتی شکستخواردوویی، برسیکردن و پشتگوێخستن و نکوڵیکردن لە مافەکانی گەلی کورد.
ئەمڕۆ ١٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور، محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە سەعد جاسم ناسر، سەرۆکی حزبی داعی عێراقی و شاندێکی یاوەری كرد.
محەمەد حاجی مەحمود لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، لەدیدارەکەدا ڕامانگەیاند، دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق بەوپەڕی وردبینییەوە لەو ڕاستییە تێبگەن، کە بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا نە خێرە و نە ئیمتیاز، بەڵکو دەسکەوتێکی مێژووییە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق و ئەبێت سوپاسگوزاربن، کە کورد لە بەغداد لەگەڵیان هاوبەشبێت.
وتیشی، “کورد بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی عێراق، فاکتەری سەرەکی سەقامگیری و پێکەوەژیان بووە و هەمیشە دەستپێشخەربووە بۆ ئاشتی و چارەسەری گرفتەکان، لەم قۆناغەشدا، کە باهۆزی گۆڕانکاری ڕووی لەناوچەکە کردووە چیتر هیچ دەرفەتێک نییە بۆ سیاسەتی شکستخواردوویی، برسیکردن و پشتگوێخستن و نکوڵیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان و دەبێت ڕۆڵی ئەرێنی کورد بە گەرەنتی دەستووری و پراکتیکی پاراستنی مافەکانی وەڵامبدرێتەوە”.
وێڕای تەئکیدکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان، هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگی دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ چارەسەری پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆتاییهێنان بەو شێوازی مامەڵەیەی لەگەڵ خەڵک و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.