قائیمقامی سلێمانی و لیژنەی پاراستنی شوێنەواری قائیمقامیەت سەردانی عەبدولڕەقیب یوسف، شوێنەوارناس و مێژوونووسی كورد دەكەن و پێی دەڵێت: شانازییە تۆ مامۆستامانیت و پێشنیارەکانت بەهەند وەردەگرین.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، ئاوات محەمەد سوپاسی عەبدولڕەقیب یوسف کرد، کە چەندین ساڵە لەخزمەتی پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوری نیشتیمانەکەماندایە و بەهەوڵی ئەو بەشێکی زۆری شوێنەوار و کەلەپوری کوردستان بەتایبەت سلێمانی پارێزراوە.
پێی ڕاگەیاند، کە بەپێشنیاری ئەو لیژنەی پاراستنی شوێنەوار لە لیژنە هاوبەشەکان دروستکراوە ئەو لیژنەیەش کاری زۆرباشی بۆ پاراستنی گەڕەک و خانووە کەلەپورییەکانی سلێمانی کردووە، هەربۆیە هەر پێشنیار و ڕەخنەیەکی بەهەند وەردەگرن، چونکە دڵنیایە بۆ خزمەتی مێژووی شارەکەمانە.
ئاوات محەمەد باسی لە ئاستەنگییەکانی بەردەم کاری پاراستنی ئەو شوێنە کەلەپوریانە کرد و ڕایگەیاند، پێویستمان بەوەیە هەموو هاووڵاتیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گرنگی و بایەخی کەلەپور و شوێنەوار تێبگەن، بۆئەوەی بەهەموولایەکمان بیپارێزین.
لەبەرامبەردا مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف ڕایگەیاند: بەکاری قائیمقامیەت و لیژنەی پاراستنی شوێنەوار زۆر دڵخۆشە و ئاگادارە کە خزمەتی گەورەی سلێمانییان کردووە.
وتیشی: شاری سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی کە هەزاران ساڵ پێش ئێستە شار بووە، ئێستاش گەڕەکە کۆنەکانی بوون بەکەلەپورو سیمای تەلارسازی و شارستانی، هەربۆیە کاری هەموولایەکمانە هەوڵ بۆ پاراستنیان بدەین.
سوپاسی ئەو خەمخۆری و لێکتێگەیشتنەی قائیمقامی سلێمانیشی کرد بۆ پاراستنی کەلەپورو مێژووی نیشتیمانەکەمان.